نوێنەرێکی ترامپ: پێویستە ترامپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی بۆ ئەوەی جیهان ڕزگار بکات
نوێنەری دۆناڵد ترامپ بۆ ڕەوەندی ئەمەریکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، کاتێک ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو هیچ یەکێ لەو جەنگانەی کە ئێستا هەیە ڕووینەدەدا، بۆیە پێویستە متمانە بدرێتەوە بە ترامپ و سەرۆکایەتیکردنی ئەمەریکای پێ بسپێردرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو جیهان ڕزگار بکات.
عیسا حسەن، پەیامنێری کوردستان24 چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ د. موسعەد پۆڵس، نوێنەری دۆناڵد ترامپ بۆ ڕەوەندی ئەمەریکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا ئەنجامدا، هەروەها تاوتوێی دۆخی ئەمەریکایان دوای گەڕناەوەی ترامپ بۆ سەر دەسەڵات کرد.
پەیامنێری کوردستان24: زۆر سوپاس دکتۆر موسعەد، چەند رۆژێکی ماوەی بۆ هەڵبژاردنی 5ـی تشرینی دووەم. هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆمارییەکان چۆن دەڕوات تاوەکو ئێستا؟
د. موسعەد پۆڵس: ڕاستییەکە کەمپەینەکە زۆر بەباشی دەڕوات. لە هەموو ویلایەتە یەکلانەبووەکان باشە. تازەترین راپرسی لە ئەریزۆنا ئاشکرا کراوە ئێمە بۆ یەکەمجار بە هەشت خاڵ لە پێشەوەین، ئەوەش شتێکی مەزنە. ئێمە لە جیۆرجیا و لە کارۆلاینای باکوور دۆخمان زۆر باش. بەم نزیکانە، لە هەفتەی ڕابردوو چەند ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشمان لە میشیگن بەدەست گەیشت، ئێمە بەچوار خاڵ لە پێشەوەین. هەروەها لە پەنسیلڤانیا، بە هەمان شێوە زۆر باشین. بۆیە وا پێدەچێت کە دۆخەکە تەواو باش بێت. گەرم و گوڕیی خەڵک نایابە، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بەرەوپێش دەچێت. ئەگەر هەڵبژاردن ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، سەرۆک ترامپ، دەردەچێت. هیوا دارین ئەو گەرم و گوڕییە هەر بەردەوام بێت. ئێمە دەزانین کە دەنگدانی پێشوەختە دەستی پێکردووە، بۆیە لەنێوان ئێستا و پێنجی تشرینی دووەم، سەرکەوتن بۆ خۆمانە.
پەیامنێری کوردستان24: کۆمەڵگەی عەرەبەکان، کۆمەڵگەی موسڵمانان، یان با بڵێین ڕەوەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی گرنگ لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەگێڕن. چۆن هانیان دەدەن تا دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن؟
د. موسعەد پۆڵس: ڕاستییەکەی ئێمە کاری زۆرمان لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەبە ئەمریکییەکان، کۆمەڵگەی موسڵمانە ئەمریکییەکان و کۆمەڵگەی ئەمەریکی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە لە ویلایەتە یەکلا نەبووەکان، بە تایبەت لە میشیگن و ئەریزۆنا و ئەوانەی دیکە. هەر وەک ئەمشەو کە لێرەین لە ڤێرجینیا، کە دەکرێت ئەم ویلایەتەش ببێتە یەکلا نەبووەوە. دەکرێت ڤێرجینیا ڕۆڵێکی زۆر باش بگێڕێت. کۆمەڵگەکانی ئێمە بە سرووشتەوە کۆنسێرڤاتیڤن، ئێمەش کاریان لەگەڵ دەکەین بۆئەوەی بۆیان ڕوون بکەینەوە. مەبەستم ئەوەیە سرووشتی پێگە و شوێنیان لەنێو پارتی کۆماری دایە، جا ئەگەر کریستییان بن یان موسڵمان، ئێمە هەموومان هەمان بەهای کۆنسێرڤاتیڤمان هەیە. بۆیە پێگە رەسەنەکەیان لێرەیە.
دووەم شت؛ جیاوازییەکی زۆر لەنێوان سەرۆک دۆناڵد ترامپ و هاریسدا هەیە. سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، سەرۆک ترامپ بریتییە لە ئاشتی. لەماوەی چوار ساڵی لە ئۆفیس، کاری بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی کرد. ئەو رێککەتنامەی ئەبراهامی هێنا ئاراوە. هاوکات کاری لەسەر چەندین رێککەوتنامەی دیکە کرد. ئەو لە ئەورووپا و زۆر لە وڵاتانی ئاسیا ئاشتی هێنا کایەوە. ئامانجی ترامپ کۆتاییهێنانە بە شەڕەکان. ئەو تاکە سەرۆکە لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا کە لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی هیچ شەڕێک روویان نەدا، هیچ شەڕێک هەڵنەگیرسان. ئەو کۆتایی بە شەڕەکان هێنا و سەربازەکانی کشاندەوە. بەڵام بینیمان لە چوار ساڵی ڕابردووی ئەم ئیدارەیەدا ئاژاوەیەکی زۆر، گرژییەکی تەواو تەواوی جیهانی تەنیوە، هەم لە ئۆکراینا و ڕووسیا هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسی لەنێوان غەززە و ئیسرائیل، ئێستاش لە لوبنان و ئێران و یەمەن. سەیرکە لە سوودان ڕوودەدات. سەیرکە چی لە سووریا و چەندین ناوچەی دیکە ڕوودەدات. کشانەوە لە ئەفغانستان کە تەواو کارەسات بوو. بۆیە جگە لە ئاژاوە چی دیکەمان لەو ئیدارەیە نەبینی. ئێمە دەزانین کۆمەڵگەکانمان زۆر زیرەکن. ئەوان زۆر چالاک و زیرەکن. ئەوان لە نزیکەوە سەیری ئەو ڕووداوانە دەکەن. هیچ رێی تێناچێت دەنگ بە هاریس بدەن، هاوکات هەر پێشوەختە وازیان لە بایدن هێنا. تاکە بژاردە و باشترین بژاردە بەدڵنیاییەوە سەرۆک ترامپە. ئەگەر دەتانەوێت ئاشتی بگەڕێننەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئەفریقا و تەواوی جیهان، ئەگەر بمانەوێت کۆتایی بە هەموو شەڕەکان بێت، دەبێت دەنگ بە سەرۆک تڕامپ بدەین. ئەو لەمێژە بەڵێنی داوە بە خێرایی کۆتایی بە جەنگەکان دەهێنێت، زۆر بەخێرایی. لە ڕۆژی یەکەم دەست دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان.
پەیامنێری کوردستان24: ساڵێک بەسەر شەڕی غەززەدا تێپەڕیوە و پێکدادان بەردەوامە و دۆخەکە چارە نەکراوە، وەک کۆمارییەکان، سیاسەتێکی جیاوازترتان لە دیموکراتەکان هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکە؟
د. موسعەد پۆڵس: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە سەیری ئەمە بکە، شەڕی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەوە ساڵێکە، ئەم ئیدارەیە بە تەواوی شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی هەر دەستکەوتێک. لەماوەی ساڵێکدا جگە لە قسەکردن هیچ بەدی نەهاتووە. ڕۆژانە تەنیا قسە دەکەن، لەکاتێکدا هیچ شتێک بەدەست نەهاتووە. نە ئاگربەست نە کۆتایهێنان بە شەڕ. بەڵام سەرۆک ترامپ زۆر بە ڕوونی و رەوانی گوتوویەتی دەبێت ئەو شەڕە کۆتایی بێت و خۆشی کۆتایی پێ دەهێنێت و ئاشتی دەگەڕێنێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو دڵنیایی دەدات کە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان بەیەکەوە لە ئاشتیدا دەژین. بەڵام ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی لە سەرتاسەری جیهان دەیبینین کە روودەدات بەهۆی لاوازی ئەو ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکایە.
ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا چی دیکە لە جیهاندا ڕێزی لێ ناگیرێت. کاتێک سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە ئۆفیس بوو، لە لایەن هەموو کەسێکەوە رێزی لە دەگیرا. ئەگەر بشگەڕێتەوە، هەر لە رۆژی یەکەمەوە کار بۆ گێڕانەوەی شکۆ بۆ وڵاتەکە دەکات. ئەو سەرۆکێکی بەهێزە. ئێمە پێویستمان بە سەرۆکێکی بەهێز هەیە. جیهان پێویستی بە سەرۆکێکی بەهێز هەیە. کاتی ئەوە هاتووە بەس بێت سەرۆکێکی لاواز و ئیدارەیەکی لاواز. کاتی ئەوەیە سەرۆک دۆناڵد ترامپ هەڵبژێرینەوە و بیگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی جیهان ڕزگارب کەین. نەوەک هەر تەنیا ئەمەریکا ڕزگار بکەین، بەڵکو جیهان لەو ئاژاوەیە ڕزگار بکەین. ئێمە ئێستا لە لێواری جەنگێکی جیهانی سێیەمداین لە رۆژانی داهاتوودا. هیچ کەسێک نازانێت ئەو گرژییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و یاریکەرە هەرێمییەکانی دیکە تاکوێ سەردەکێشێت. لەوانەیە سەربکێشێتە ناکۆکییەکی سەرتاسەری، بۆیە پێویستمان بە سەرۆکێکی بەهێزی وەک ترامپ هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی پێ بێنێت."
پەیامنێری کوردستان24: دوا پرسیارم، تا چەند متمانەتان هەیە کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە کۆشکی سپی؟
د. موسعەد پۆڵس: بەدڵنیاییەوە ئێمە زۆر متمانەمان هەیە، تەواو دڵنیاین. ناگونجێت ئەم وڵاتە لەگەڵ چەپە تووندەکان و کاندیدە چەپە ڕادیکاڵەکان بەردەوام بێت. ئێمە متمانەی تەواومان هەیە، بڕوایەکی بەهێزمان هەیە کە دەنگەدەرە ئەمریکییەکان زۆر زیرەکەن. دەنگدەری ئەمەریکی باش دەزانن چی دەکەن. کۆمەڵگەی ئێمە، عەرەبە ئەمریکییەکان، موسڵمانە ئەمریکییەکان و کۆمەڵگەی ئەمەریکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە هەمان شێوە دەزانن. ئەوان دەزانن چی دەکەن و دەزانن کە پێویستە سەرۆک ترامپ بگەڕێینەوە بۆئەوەی ئەم وڵاتە و جیهان ڕزگار بکات.