مەسعود حەیدەر: پێدانی مووچە تەنیا لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند "هیچ دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات."
دووشەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2024، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر هەژماری من و تەوتين دا و ڕایگەیاند "هەردووکیان یەک پرۆسەن کە دەبێتە بە بانکی کردنی مووچە."
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ئاماژەی بەوە داوە "بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، هیچ دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بکات."
مەسعود حەیدەر ڕاشیگەیاندووە "دادگای باڵای فیدراڵی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دوور خستۆتەوە لە هەموو گرفتێک و حکوومەتی فیدراڵی پەیوەست کردووە بە خەرجکردنی وەکو هەموو دامودەزگاکانی تری عێراق."
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەم پێنج خاڵەی خوارەوەی لەبارەی هەژماری من و تەوتین خستووەتەڕوو:
١- هەژماری من و تەوتين یەک پرۆسەن، کە دەبێتە بە بانکی کردنی مووچە لە کەرتی گشتىی بێت یان کەرتی تایبەت لە بانکە حکوومەتییەکان یان بانکی تایبەت.
٢-بەپێی ماددەکانی 117و 121دەستووری عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، هیچ دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.
٣- دادگای باڵای فیدراڵی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دوور خستۆتەوە لە هەموو گرفتێک و حکوومەتی فیدراڵی پەیوەست کردووە بە خەرجکردنی وەکو هەموو دامودەزگاکانی تری عێراق.
لە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی هاتووە کە بە بانککردنی ( هەژماری من ، تەوتين يان هەر ناوێکی تر) مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت لە هەر بانکێک بێت کە ڕێگەپێدراو بێت لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.
٤- ئیجرائاتی حکوومەتی هەرێم بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم ، کارێکە لە خزمەت مووچەخۆران و ئابووریی هەرێم و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، زۆرێک لە فەرمانبەرانی عێراقیش مووچەکانیان لە بانکە ناحکوومییەکانە.
٥- پێویستە هەندێک حزب و لایەن لە هەرێم ئەم بابەتە بە دووربگرن لە ململانێی سیاسی و یاریکردن بە سۆزی مووچەخۆرانەوە.
پێدانی مووچە تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت و هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم هەماهەنگی تەواو هەیە لەو بارەیەوە.