عێراق لە سەر بەزاندنی ئاسمانەکەی سکاڵا لە ئیسرائیل دەکات
عێراق بە فەرمی یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەش بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق بە فەرمی یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەش بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کە لە یاداشتەکە ئیدانەی ئەو پێشێلکارییەی ئیسرائیلی کردووە کە ئاسمان و سەروەریی عێراقی بەزاندووە و لەوێوە هێرشی کردوووەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەبارەت بەهەمان بابەت، پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکادا کردووە، کە بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ستراتیجی دەبێت ئەمەریکا پابەند بێت بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە "حکوومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە سەروەری و سەربەخۆیی خاکی عێراق دووپات دەکاتەوە و لەسەر ئاستە جیاجیاکان کاردەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە، هەروەها ڕەتی دەکاتەوە و ڕێگە نادات بە بەکارهێنانی ئاسمان و زەویی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو "ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی پەرۆشیی عێراقە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، بە ڕێگرییکردن لە هەر جۆرە بەکارهێنانی خاکەکەی لە ململانێ ناوچەییەکاندا؛ هەروەها پاڵپشتیی بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنی یەکترەوە."