بڕیارە چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنرێت

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق دێتە هەولێر

بە گوێرەی بە دواداچوونەکانی کوردستان24، بڕیارە دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024، شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بێتە هەولێر و ئامادەکاریی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات.

هەروەها بڕیارە سبەینێ سێشەممە، شاندەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەسەر یەکلایی کردنەوەی سکاڵا تۆمارکراوەکانی سەر پرۆسەی هەڵبژاردن کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چوارشەممە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردن، ناوی کاندیدە دەرچووەکانی ئاشکرا دەکرێن و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، سێ ڕۆژ دەرفەت هەیە بۆ تانەلێدانی ئەنجامەکان.

هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە 215 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، هەروەها یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژارد، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ڕێژیە بەشداری لە هەڵبژاردن %70 بووە.