بەڕێوەبەرایەتیی گشــتیی ئاسایشی هەولێر  دەستی بەسەر کۆمپانیایەکی ساختەکردنی پاتریی ئۆتۆمبیلدا گرت

دووشەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر بەشی ئابووری ڕایگەیاند "دەست بەسەر کۆمپانیایەکی ساختەکردنی پاتریی ئۆتۆمبیلدا گیرا."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "دواى بەدەستگەیشتنى زانیارى و بەڵگە و چاودێریکردنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر، لەسەر کۆمپانیای (Real king) بۆ فرۆشتنی پاتریی ئۆتۆمبێل، دەرکەوت کە کۆمپانیای ناوبراو، پاتریی ئۆتۆمبیل لە  ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکات، دواتر پاترییەکان لەناو کۆگایەک لە نزیک شاری هەولێر، بە ستیکەری کۆمپانیاکانی تر دەستکاری و ساختە دەکات و ژمارەی ئەمپێرەکانی سەر پاترییەکان زیاد دەکات."

هەروا لە ڕاگەیانراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە "تەزووی پاترییەکان لە 25-30 ئەمپێری کراوەتە 60 ئەمپێری و زیاتر لە 20 هەزار دانەی ئەم پاتریانەیان لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان ساخ کردووتەوە. لە ئەنجامى پێشکەشکردنى زانیاری و بەڵگەکان بۆ دادوەرى لێکۆلینەوەى ئاسایش فەرمانى دەستگیرکردن و گرتنەبەرى ڕێکارە یاساییەکان دەرچوو و خاوەن کۆمپانیاکە بەناوی ( ک . و . ج) و کرێکارێکی بیانی بەناوی (ڤ . چ . چ) کە دەستیان لەم ساختەکاریەدا هەبوو، دەستگیر کراون و پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوە، هەروەها دەست بەسەر 11 هەزار دانە پاتریدا گیراوە."

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment