گالانت حکوومەت تۆمەتبار دەکات بە بەردەوامی جەنگی بێ ئامانج

ئۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل حکوومەتەکەی تۆمەتبار دەکات بە بەردەوامی جەنگی بێ ئامانج، دەشڵێت: ئیسرائیڵ لە دانوستانەکانی قەتەر ڕەشبینە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئۆئاڤ گالانت نامەیەکی ئاراستەی وەزیرانی کابینەی ئاسایشی کرد و حکوومەتی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە شەڕەکە بەبێ ئامانج بەڕێوە دەبات، گالانت لەژێر ڕۆشنایی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی ئیسرائیڵ و ئێران پێی وابوو کە، پێویستە ئامانجەکانی شەڕەکە دابڕێژرێتەوە..
گالانت داوای لە ئێران کرد لە شەڕ دوور بکەوێتەوە، هاوکات داوای ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی لە غەززە کرد لەگەڵ کارکردن بۆ دروستکردنی جێگرەوەیەک بۆ حکوومەتی حەماس و حوکمڕانی کردنیکەرتی غەززە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ وەڵامی نامەکەی گالانتی دایەوە و بە "سەیر" وەسفی کرد، چونکە ئامانجەکانی شەڕەکە لەم دواییانەدا تاوتوێ دەکرێن.
لە بەرەی غەززەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل گەشبینییەکی ئەوتۆیان نیشان نەدا سەبارەت بە دەستپێکردنی دانوستانەکانی دەوحە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، لە کاتێکدا خێزانی زیندانییەکان و دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ناتانیاهۆ لە کاتی وتارەکەیدا بە بۆنەی ساڵیادی 7 ی ئۆکتۆبەر.
پۆلیسی ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی نزیک بارەگای مۆساد لە تەلئەڤیڤ دەکات کە تێیدا کەسێک کوژراوە و زیاتر لە سی کەسی دیکەش بریندار بوون کە سەربازیشیان تێدایە.