کتێبی "مسعود بارزاني – قصة جبل أَشَم"، بڵاو کرایەوە

به‌رگی كتێبی "مسعود بارزاني – قصة جبل أشَم"
به‌رگی كتێبی "مسعود بارزاني – قصة جبل أشَم"

كتێبی "مسعود بارزاني – قصة جبل أشَم"، "مه‌سعود بارزانی – چیرۆكی چیایه‌كی سه‌ركه‌ش"، نوێترین به‌رهه‌می دكتۆر "ئه‌یوب سابیر گه‌ڵاڵی"ـیه‌ و به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه‌ و له‌ لایه‌ن "ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان"، چاپ كراوه‌.

ئەم پەرتووکە لە پێشەکییەک و پێنج بەش و پاشکۆ و ئەلبومی وێنەکان پێک هاتووە. بەشی یەکەمی تایبه‌ته‌ به‌ كورد، شاخ و نهێنی مانه‌وه‌، هه‌روه‌ها بەشی دووەمی باسی کورد و پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە - نوێ و پێکهاتە جیۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان و گرنگییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.

نووسه‌ر له‌ بەشی سێیەمی كتێبه‌كه‌یدا قسه‌ له‌سه‌ر بیرۆکەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە لای مەلا مستەفا بارزانی دەکات و بەشی چوارەمیش كه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كییه‌، تایبه‌ته‌ به‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی و پەیوەندیکردنی بە ڕیزەکانی پێشمەرگە. بەشی پێنجەم و كۆتاییشی تایبه‌ت كردووه‌ به‌ باسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كه‌ له‌ 25ـی ئه‌یلوولی 2017، كرا و له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ به‌ به‌ڵێ ده‌نگی پێ درا.

ئه‌م كتێبه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زانستی بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ كه‌سایه‌تی سه‌رۆك بارزانی، به‌ شێوه‌یه‌ك نووسه‌ر له‌ به‌شی پێنجه‌مدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ یه‌ك كاتدا خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ركرده‌ی كارێزما و سه‌ركرده‌ی گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان (Transformational leadership)ـه‌، واته‌ له‌ توانایدایه‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی هێز، دیدگه‌، ئه‌زموون، پێشه‌نگایه‌تی، سه‌ركردایه‌تی و مه‌رجه‌عیه‌تی ئه‌خلاقی له‌ خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌، هاوكات كۆمه‌ڵێك ڕووخساری دیكه‌ له‌ خۆیدا به‌ دی بكات، له‌وانه‌ش؛ گوێگرتن، هاندانی هزری، پابه‌ندبوون، هاوسۆزی و هه‌ماهه‌نگی، متمانه‌، لێبوورده‌یی و ساده‌یی و چه‌ندانی دیكه‌.

نووسه‌ر هه‌ر له‌ به‌شی پێنجه‌مدا گرنگی فه‌لسه‌فه‌ی (خاك)ـی له‌ لای سه‌رۆك بارزانی خستووه‌ته‌ ڕوو و دواتر له‌ به‌شی شه‌شه‌مدا كه‌ باس له‌ ڕیفراندۆم ده‌كات، هه‌ر دوو بابه‌ته‌كه‌ی زیاتر ئاوێته‌ی یه‌كدی كردووه‌ و پێی وایه‌ سه‌رۆك بارزانی دیدگه‌ی بۆ خاك دیدگه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕووحی دامه‌زراوه‌ و گوزارشت له‌ ویژدان و به‌های زیندووی مرۆڤ ده‌كات كه‌ دواتر وێناكه‌ فراوانتر ده‌بێت و بۆ هه‌ڵوێستی به‌رزی مرۆیی ده‌كشێت و تێیدا ڕێزی تاك به‌هێز ده‌كات و شكۆی پێ ده‌دات و هانی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ندی نیشتمان و سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی ببێت و لێی جوودا نه‌بێته‌وه‌، نه‌خاسمه‌ ئه‌و پابه‌ندبوون و ئینتیمایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وابه‌سته‌ی بوونی به‌ها و پابه‌ندییه‌ ئه‌خلاقییه‌كانه.

دكتۆر ئه‌یوب سابیر گه‌ڵاڵی نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ له‌ باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ تایبه‌ت به‌ وێبسایتی كوردستان24 گوتی: له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا كتێبه‌كه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا ده‌ناسێندرێت و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان و خوێنه‌ران ده‌خرێته‌ ڕوو.

پرۆژه‌ی "ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان"، له‌ پێناو ناساندن، كۆكردنه‌وه‌، به‌ دیكۆمێنتكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی مێژوویی كار و خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر پێشنیازیی مه‌سرور بارزانی له‌ ساڵی 2014 دامه‌زراوه‌.