ئەمەریکا: عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و ئاسمانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکادا نییە.
دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەکوردستان24ـی گوت: ئاسمانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکادا نییە و عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە.
میللەر گوتیشی: ئەمەریکا بەشداری لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە.
عێراق یاداشتێکی ناڕەزایی دەداتە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەهۆی ئەوەی فڕۆکەجەنگییەکانی ئیسرائیل لەو کاتەی هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، ئاسمانی عێراقیان بەکارهێناوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم ئەلعەوادی یاداشتێکی ناڕەزایی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی کرد کە تێیدا "سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایە" دەکات کە ئیسرائیل لە کاتی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ئەنجامیداوە.
شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکار هاتبێت.
بەرەبەیانی شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.