ئەمەریکا پێشنیاز بۆ ئاگربەستێکی 28 ڕۆژە لە کەرتی غەززە دەکات

ڕیزی فەڵەستینییەکان لەبەردەم نانەواخانەیەکی کەرتی غەززە
ڕیزی فەڵەستینییەکان لەبەردەم نانەواخانەیەکی کەرتی غەززە

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کردوە "لە کۆبوونەوەکانی دۆحەی قەتەر، ویلیام بێرنز، بەرپرسی دەزگای ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) پێشنیازێکی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەستێکی 28 ڕۆژەی لە غەززە لەگەڵ شاندی دانووستانکاری ئیسرائیل و قەتەر باس کردووە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرانبەر بە زیندانە فەڵەستینیەکان."

ئەکسیۆس، لە زاری سێ بەرپرسی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە "ئەو پێشنیازەی بێرنز لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و قەتەری باسی کردووە، ئازادکردنی هەشت کەس لە بارمتە ڕفێندراوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـە بەرانبەر بە ئازادکردنی دەیان زیندانی فەڵەستنی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئاشکرای کردووە "گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی نوێی یەکگرتووە دەکەن کە سەرجەم پێشنیازەکانی پێشوو لە خۆ دەگرێت، هاوکات هەموو بابەتە سەرەکییەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە لە بەرچاو دەگیرێن."

هەروەها حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆی لایەنە نێوەندگیرەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."

 
 
Fly Erbil Advertisment