وەزارەتی ناوخۆ: لە سلێمانی پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەست بە پرۆسەی تەوتین کراوە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە "لە 2ـی ئابی 2023، پرۆژەی هەژماری من، لەلایەن سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و جێگر و هەموو وەزیرەکان، وەکو پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کارکردن بە سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرا."
"هەر لەسەر ئەو بنەمایە، بە خێرایی دەست کرا بە تۆمارکردنی مووچەخۆران، پلانەکەش بەو جۆرەیە، نابێت تۆمارکردنی هەموو مووچەخۆران لە کۆتایی 2025 تێپەڕ بکات. هەروەها ئەو پرۆژەیە سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، کە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2024، 153 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمار کراون."
"ئێستا لە هەندێک دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکە، پێچەوانەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەست بە پرۆسەیەکی دیکە کراوە بەناوی تەوتین، لەدەرەوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، کە تاکە لایەنی فەرمی ڕێکخستنی لیست و شێوازی دابەشکردنی مووچە کەرتی گشتییە."
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش داوە "جگە لە پرۆژەی هەژماری من، هیچ کار و بەرنامەیەکی دیکەی بەدیجیتاڵکردن پەسەندکراو نییە، بۆیە ئاسانکاری بۆ تیمی هەژماری من بکەن تاوەکوو کارەکانیان بکەن؛ بەپێچەوانەوە هەر فەرمانبەرێک یان ئەفسەرێک یان کارمەندێک ڕێگریی لە تیمەکانی پرۆژەی هەژماری من بکات، بەگوێرەی یاسا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە."
ئومێد سەباح: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەوبارەوە دەڵێت: "پرۆژەی هەژماری من، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، پرۆژەیەکی گشتگیر و بەردەوامە."
گوتیشی: "یەکەم؛ وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی شێوازی دابەش کردنی مووچە، بۆیە دەبێت ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی بەرامبەر بەڕێوەبەری ئەو بانکانە بگیرێتە بەر کە ڕێگریی لە کارمەندانی 'هەژماری من' دەکەن بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان."
"دووەم: وەزارەتی ناوخۆ دەبێت بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژمارە '14'ـی ساڵی 2008، بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس کە ڕێگری دەکەن لە کارمەندانی پرۆژەی هەژماری من، بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان."
"سێیەم: دەبێت سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ڕێکاری پێویست ئەنجام بدات، بەپێی حوکمەکانی یاسای داواکاری گشتی ژمارە '159'ـی ساڵی 1975ـی هەموارکراو و پشتبەست بە هەردوو ماددەی 231 و 240، لە یاسای سزاکان ژمارە 111ـی ساڵی 1969، بە جولاندنی داوای سزایی بەرامبەر ئەو کەس و لایانانەی کە ڕێگری دەکەن لە کارمەندانی هەژماری من بۆ ڕایی کارەکانیان."