ئیسرائیل بڕیار لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران دەدات

مێدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە "حکوومەتی جەنگ بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ لە دوا کۆبوونەوەیدا بڕیاری داوە بە زووترین کات جارێکی دیکە وەڵامی ئێران بداتەوە."
کەناڵی 13ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە "دووشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی جەنگ و سیاسیی حکوومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندی داوە لە بەرانبەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ماڵی سەرۆک وەزیران، بنیامین ناتانیاهۆ، وەڵامێکی دیکەی ئێران بدەنەوە."
هەروەها ئاماژەی داوە "کابینەی جەنگی حکوومەت، یەکشەممە چەند بژاردەیەکی جیاوازیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل تاوتوێ کردووە و لە دوا کۆبوونەوەدا بڕیاری وەڵامدانەوەیان داوە."
بەرەبەیانی شەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف – 35 ، ئێف – 16 و ئێف – 15 هێرشی کردە سەر چەند ناوەندێکی سەربازیی ئێران لە سنووری پارێزگاکانی تاران، ئیلام و ئەهواز، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشەی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگە کردیە سەر ئیسرائیل.
تاوەکوو ئێستا ئێران دووجار هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل، هێرشی یەکەمی لە 13ی نیسانی 2023 بوو، دووەمیش لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسداران و سوپای فەرمی ئێران بە 180 مووشەکی بالیسی هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل.
لە بارەی هێرشەکانیشەوە تاران ڕایگەیاندووە، لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و عەباس نیلفرۆشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و بریندارکردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بەیرووت هێرشەکانیان کردووە.