حزبوڵلای لوبنانی ئەمینداری گشتی دیاری کرد

بەگوێرەی مێدیا عەرەبییەکان، سێشەممە، 27-10-2024، حزبوڵلای لوبنانی، بەفەرمی "نەعیم قاسم"ـی بە ئەمینداری گشتی هەڵبژارد و جێگەی حەسەن نەسروڵلا دەگرێتەوە کە لە 29ـی ئەیلوول لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر بەیرووت کوژرا.
حزبوڵلای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە پشتبەستن بە باوەڕبوون بە خودای گەورە، پابەندبوون بە ئیسلامی موحەممەدیی ڕەسەن و پابەندبوون بە بنەما و ئامانجەکانی حزبوڵلا و بەپێی میکانیزمی پەسەندکراوی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، شورای حزبوڵڵا ڕازی بوو بە هەڵبژاردنی شێخ نەعیم قاسم وەک ئەمینداری گشتی حزبوڵلا، هەڵگری ئاڵای پڕ بەرەکەت لە ئەم ڕێگەیەدا، داوای لە خودای مەزن کرد کە ڕێنمایی بکات لەم ئەرکە گەورەیەدا لە سەرکردایەتیکردنی حزبوڵلا و مقاوەمەی ئیسلامیی".
حزبوڵلا ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵێن دەدەین بە خودای مەزن، وە بەڵێن دەدەین بە ڕۆحی سەید حەسەن نەسروڵلا و موجاهیدەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و گەلی خۆڕاگر و بەوەفامان، کە پێکەوە کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی پرەنسیپەکانی حزبوڵڵا و ئامانجەکانی ڕێبازەکەی، بۆ ئەوەی بڵێسەی بەرخۆدان بە گەشاوەیی ڕابگرن و ئاڵای خۆیان بەرز بکەنەوە تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن".
نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی بوو، پێشتر لە گوتارێکی تۆمارکراودا دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ڕایگەیاند: "حەسەن نەسروڵڵا خەڵاتی ئیمام حوسێنی پێبەخشرا کە بەرزترین خەڵاتە و لەسەرووی هەموو ئەو خەڵات و شکۆیانەدایە و وەک ئاڵایەک دەشەکێتەوە کە لە ژیاندا."
ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵلا، یەکێک لە کەسایەتییە دیار و ناسراوە پڕ هەژموونەکانی شیعەکان لە لوبنان، ناوی تەواوی نەعیم بن محەممەد نەعیم قاسمە و لە دایکبووی 1953ی ناوچەی بەستای خوارووە لە بەیرووت؛ باوکی شەش منداڵە و چواریان کوڕن و دووانەکەی دیکەشیان کچن.