ڕۆمانۆوسکی: هەرێمی کوردستان نموونەی دیموکراسییە و دەکرێت لە عێراقیش پەرەی پێ بدرێت
ڕۆمانۆوسکی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دوولایەنەیە
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت:"هەرێمی کوردستان نموونەی دیموکراسییە و دروستکردنی کونسوڵخانەیەکی گەورە لە هەولێر نیشانەی پابەندیی ئەمەریکایە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا یەکلایەنە نییە، بەڵکو دوولایەنەیە.
ڕۆمانۆوسکی لە ديداری ئینستیتیوتی مێری، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2024، گووتی: "هەرێمی کوردستان سەرچاوەی بەشێکی گرنگە لە بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە سەرتاسەری عێراق، هاوکات نموونەی دیموکراسییە و دەکرێت لە عێراقیش پەرەی پێ بدرێت. ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی 20ی ئەم مانگە ئەوەی سەلماندووە، هەر بۆیە پەیوەندیی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان یەکلایەنە نییە، بەڵکو دوولایەنەیە."
سەبارەت بە عێراق، باڵیۆزی ئەمەریکا گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە عێراقەوە، ئێمە بەشداریمان لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە، کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق لە دەست ئێمەدا نییە."
هەر لە قسەکانیدا، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی لە بارەی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر گوتی: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەهێزەکانی کوردستانەوە، بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەمەش ئەرکێک بوو کە بەر لە 10 ساڵ، هێزەکانی ئەمەریکا لەپێناویدا بانگهێشت کران."
گوتیشی: "دەمانەوێت سەرجەم هێزەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن. عێراق ڕۆڵی گەورەی لەسەقامگیریی ناوچەکە هەیە دەمانەوێت سەقامگیر و سەربەخۆ بێت."
ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024 بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر چالاکییەکانی دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.