جومانە غەلای: سبەی لە هەولێر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت
جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند "سبەی چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەولێر ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن."
غەلای تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند "ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی سبەی چوارشەممە کاتژمێر 10ی بەیانی لە بارەگای لیژنەی ناوەندیی کۆمیسیۆن لە هەولێر ئەنجامەکان ڕابگەیەنرین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، ماڵپەڕی کوردستان24 لەسەر زانیاریی و بەدواداچوونەکانی بڵاوی کردەوە "چوارشەممە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێری پایتەختەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت؛ هاوکات ناوی کاندیدە دەرچووەکانی ئاشکرا دەکرێن و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییش، سێ ڕۆژ دەرفەت هەیە بۆ تانەلێدانی ئەنجامەکان."
هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە 215 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، هەروەها یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو.