سکاڵاکان یەکلایی کراونەتەوە و ژمارەی کورسیی لایەنەکان وەک خۆی ماوەتەوە
بەپێی زانیاریەکانی کوردستان24، لەبەر ئەوەی سکاڵاکان سەوز و زەرد بوو، هیچ گۆڕانێک لە ئەنجامەکان نەکراوە، سەرجەم سکاڵاکانیش یەکلایی کراونەتەوە، هەروەها ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش وەک خۆت ماوەتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند "ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی سبەی چوارشەممە کاتژمێر 10ی بەیانی لە بارەگای لیژنەی ناوەندیی کۆمیسیۆن لە هەولێر ئەنجامەکان ڕابگەیەنرین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، ماڵپەڕی کوردستان24 لەسەر زانیاریی و بەدواداچوونەکانی بڵاوی کردەوە "چوارشەممە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێری پایتەختەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت؛ هاوکات ناوی کاندیدە دەرچووەکانی ئاشکرا دەکرێن و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییش، سێ ڕۆژ دەرفەت هەیە بۆ تانەلێدانی ئەنجامەکان."
هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە 215 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، هەروەها یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژارد، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ڕێژیە بەشداری لە هەڵبژاردن %70 بووە.