دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد

دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به پێنج پرس و بابه‌ت ده‌ستی پێ كرد؛ هاوكات زیاتر له دوو سه‌د په‌رله‌مانتار ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ن.
سێشه‌ممه، 29ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی موحسین مه‌نده‌لاوی بۆ تاوتوێكردن و ده‌نگدان و په‌سندكردنی پێنج یاسا و پرۆژه‌یاسا به ئاماده‌بوونی 208 په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه جیاوازه‌كان ده‌ستی پێ كرد.
په‌رله‌مانی عێراق له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا بڕیار وایه ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ند یاسا و پرۆژه‌یاسایه‌ك بدات، له‌وانه‌ش: پرۆژه‌یاسای دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵك و زه‌وی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ر بڕیاره‌كانی سه‌رده‌می به‌عس كه‌وتوون.
هه‌روه‌ها بڕیار وایه ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای باری كه‌سی بدرێت. ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای هه‌مواری دووه‌می یاسای لێبووردنی گشتی ژماره (27)ـی ساڵی 2016، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و پرۆژانه‌ی بڕیار وایه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا بڕیار وایه ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای خزمه‌ت و خانه‌نشینی ده‌سته‌ی حه‌شدی بدرێت. بابه‌تی كۆتاییش كه په‌رله‌مان تاوتوێی ده‌كات، بریتییه له ته‌واوكردنی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پرۆژه‌یاسای پاراستنی خاوه‌نداریه‌تی هزری.
یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: لایەنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس دەکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناکۆکی زۆری لایەنە عەرەبییەکان هەیە لەسەر پرۆژەبڕیارەکە بۆیە هەموارکردنەوەکە دوا دەکەوێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی لایەنە شیعی و سوننییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس پەیوەست بە داگیرکردنی زەویوزاری ناوچە کوردستانییەکان نین.
گوتیشی: لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان ناوچەکانی ئەوانیش بگرێتەوە.
یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند تەوەرێکی هەستیار و گرنگ کۆ بووەوە، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە؛ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی (هه‌ڵوه‌شاوه‌ی) شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان و پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی.
هاوکات بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەیاساکانی هەمواری باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و خانەنشینی حەشدی شەعبی، سەرەتا موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، دەنگدانی لەسەر ئەو چەند پڕۆژەیاسایانە دواخست، بەڵام دواتر دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت.
هەروەها شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی پەرلەمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: زۆر بە داخەوە تا ئێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەکات و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
پێنجشه‌ممه، 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، سەگڤان سندی، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق تایبه‌ت به وێبسایتی كوردستان24 گوتی: پرۆژه‌یاسای خزمه‌ت و خانه‌نشینی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی تایبه‌ته و "پڕ به به‌رگی حه‌شدی شه‌عبی درووواوه".
سەگڤان سندی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌م ئیمتیازاتانه تایبه‌ت به حه‌شدی شه‌عبییه و سوپای عێراق و هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ ناگرێته‌وه، به‌و پێیه‌ی حه‌شدی شه‌عبی خاوه‌نی هه‌یكه‌لی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و ته‌واو له سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كان جیا كراوه‌ته‌وه.
جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌وڵی زۆریان داوه بۆ ئه‌وه‌ی پرسی خانه‌نشینی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی عێراق تاوتوێ بكرێت و وه‌كوو پرۆژه‌یاسا پێشكه‌ش بكرێت و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان ئه‌نجامیان نه‌بووه، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه كارێكی له‌م شێوه‌یان مه‌به‌ست نییه.
سەگڤان سندی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، پرۆژه‌یاسای خزمه‌ت و خانه‌نشینی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به ئاسانی له په‌رله‌مان تێپه‌ڕ نابێت، چونكه به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی كورد و به‌شێك له په‌رله‌مانتاره سوننه‌كان له‌گه‌ڵیدا نین و ده‌نگی پێ ناده‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له په‌رله‌مانی عێراق گوتی: هێز و فراكسیۆنه شیعه‌كان له ناوخۆیاندا سه‌باره‌ت به هه‌یكه‌ل، پۆست، پایه و مانه‌وه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی شه‌عبی كێشه‌یان هه‌یه، بۆیه به‌هۆی ململانێی ناوخۆییان تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌یاساكه ئاسان نابێت.