ڕۆمانۆوسکی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت بکەن

ئه‌لینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق
ئه‌لینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق داوا له‌ سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌كات په‌له‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن؛ هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ پابه‌ندبوونیان به‌ سیسته‌می دیموكراسی.

سێشه‌ممه‌، 29ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ئه‌لینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بووه‌ته‌وه‌.

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق هه‌روه‌ها داوای له‌ سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ په‌له‌ له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

ڕۆمانۆوسكی هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ له‌ پابه‌ندبوونیان به‌ سیسته‌می دیموكراسی.

ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/29، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.

بابەتی سەرەکيی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی. باڵیۆزی ئەمەریکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کەشێکی ئاسایی و ئاشتیيانە بەڕێوەچوو و ڕێژەی بەشداریش بەرز بوو.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستکردن بە ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و لەیەکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوە تاووتوێ کرا.