ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت

بڕیارە کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسینگەی سەرەکی خۆی لە هەولێر، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان 21ی تشرینی یەکەمی 2024، 24 کاتژمێر دوای دەنگدانی گشتیی لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، ئەنجامی بەرایی ڕاگەیاند و ئاماژەیدا، ڕێژەی بەشداری کردن لە دەنگدان و هەڵبژاردن %70 بووە.
هەروەها بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە، سەرجەمی سکاڵاکانی لە سەر کۆی پرۆسەکە تۆمارکرابوون، یەکلایی کراونەتەوە و لەبەر ئەوەی سکاڵاکان سەوز و زەرد بوو، هیچ گۆڕانێک لە ئەنجامەکان نەکراوە و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش وەک ئەوەی لە ئەنجامە بەراییەکان بڵاوکراوەتەوە، وەک خۆیان ماونەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، لە کۆی 100 کورسی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە 95 کورسی بۆ لایەنە سیاسییەکان و 5 کورسیش بۆ پێکهاتەکانە، دابەشبوونەکەش بەمشێوەیە بوو:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
هەروەها ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئامارە بەراییەکان بەمشێوەی بوو:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 116,981 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710 دەنگ
بەرەی گەل: 33,365 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ
هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە 215 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، هەروەها یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو.