کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داواکارە لە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن پابەندی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بن.

دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆمەلێک ڕێکاری بۆ گەرەنتی کردنی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردن بە شەفافی و پاک و لەکەشێکی ئارام گرتەبەر.

گوتیشی: بەوهۆیەوە ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن لیژنەیەکی ناوەندی پێکهێنا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردسان، هەروەها هەڵبژاردنەکە لەلایەن لیژنەکانەوە بەشێوەیەکی تەواو سەربەخۆ لە هەموو قۆناغەکان بەرێوە چوو.

باسی لەوەش کرد، پێویستە لایەنەسیاسییەکان و هاوپەیمانەکان پابەندی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بن، بۆیە بەهۆی چاودێریەکانمانەوە ئامانجەکانمان پێکاوە، هەروەها دادپەروەری لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە دەنگی تەواوی دەنگدەرانیش بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پارێزراوە.

عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، دوای 20ـی ئۆکتۆبەر کە هەڵبژاردنی گشتی بەرێوەچوو، نزیکەی 41 هەزار فەرمانبەر بەشداریان لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانە کرد. هەروەها زیاتر لە 1800 چاودێریش لە تەواوی وڵاتان و کونسوڵخانەکان و کۆمکاری عەرەبی ئامادەی پرۆسەکە بوون بۆ چاودێریکردن، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار چاودێری ناوخۆش بەشداربوون لە پرۆسەی هەڵبژاردن.  

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: دوای 24 کاتژمێر لە کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی بڵاوکرایەوە، پرۆسەکەش لە ژێر بنەماکانی یاسا و دەستوور بەڕێوەچوو.

دەشڵێت: ئەمڕۆ ئانجامی هەڵبژاردنەکان ڕادەگەینێن، کە ناوی کاندیدانی سەرکەوتوو و لیستە براوەکانی هەموو بنەکەکانی دەنگدان لە خۆ دەگرێت.