پێنتاگۆن: ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکوور لە کۆرسک بڵاوکراونەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکوور لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیر کراون"، دەشڵێت: نیگەرانن لەوەی لە شەڕی دژی هێزەکانی کیێڤ بەکار بهێنرێت.
ئاژانس فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمە یەکەمجارە ئەمەریکا دان بە جێگیرکردنی هێزەکانی کۆریای باکوور لە ناوچەکەدا بنێت، کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە مانگی ئابەوە هێرشی زەمینی ئەنجام دەدەن و سەدان کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ڕووسیایان کۆنترۆڵ کردووە.
پات ڕایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، "ئاماژە هەیە کە ژمارەیەکی کەم لە هێزەکان لە ئێستاوە لە ناوچەی کورسک جێگیرکراون، هەروەها چەند هەزارێکی دیکە لەسەربازەکان بڕیارە بەم زووانە بگەنە ئەو ناوچەیە".
ڕایدەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ئەوان بەنیازن ئەم هێزانە لە شەڕی دژ بە ئۆکراینییەکان بەکاربهێنن، یان لانیکەم پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکان بکەن دژی ئۆکراینییەکان، لە ناوچەی کورسک، ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن چاودێری چۆنیەتی بەکارهێنانیان دەکات".
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، 28-10-2024، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، بوونی هێزەکانی کۆریای باکووری لە شاری کورسک ڕاگەیاند.
واشنتۆن دەڵێت، کۆی گشتی هێزەکانی کۆریای باکوور کە ئێستا لە ڕووسیادان، نزیکەی 10 هەزار کەسە.
شارەزایان پێیان وایە، کۆریای باکوور لە بەرامبەر ئەمەدا، تەکنەلۆجیای سەربازی وەردەگرێت، لە مانگی دەستکردی چاودێرییەوە تا ژێردەریایی، جگە لە ئەگەری گەرەنتی ئەمنی لە مۆسکۆوە.