حەسەن مەجید: جێبەجێ کردنی ماددەی 140 کێشەکان چارە دەکات

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند "ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، تەواوی کێشەکانی ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان و ئیدارەی هەرێم چارە دەکرێت."

چوارشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەر وڵاتێک سەرژمێری و پلانێکی دیاری کراوی نەبێت، وەک ئەو کەسەیە چاوی داخستبێت و لە شەوی تاریکیشدا ڕی بکات."

ئەو سەرۆک فراکسیۆنە دەڵێت: "سەرژمیریینەکردن بۆ وڵاتێک دروستە کە کێشەی نەبێت و کێشەی خاکی و دەستووری نەبێت، لە ساڵی 2005وە دەستوور پەسەند کراوە، بەندێک لە بەندە گرنگەکانیشی جێبەجێکردنی ماددەی 140، بۆیە تا ئێستە ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە."

دەشڵێت: "ئێمە زۆرجار بە شک و گومانەوە دەڕوانینە ئەم سەرژمێرییە، چونکە جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140، جیاکاری و کێشە دروست دەکات، ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، تەواوی کێشەکانی ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان و ئیدارەی هەرێم چارە دەکرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "حکوومەتی عێراق پێش دووخاڵی کۆتایی دەست بە سەرژمێری دەکات کە پێشتر ئەو دووخاڵە جێبەجێ نەکراون. بۆیە ئێمە بەردەوام دەڕوانینە ئەم بابەتە، لە ساڵی 2012 وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەڵێنی ئەوەی دا کە سەرژمێرییەک لە سەرجەم کوردستان بکرێت، کەرکووک هۆکار بوو بۆ ئەوەی دواخرا، ئەو کاتەش بەهۆی دەسەڵاتی لایەنێکەوە کە دەسەلاتی هەبوو، نەتوانرا ئەو سەرژمێرییە بکرێت."

حەسەن مەجید، ڕاشیگەیاند "داوا لە لایەنەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم جێبەجێ کردنی ماددەی 140 بکرێتە مەرجێک بۆ بەشداری کردنی کورد، لە سەرژمێری."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment