دەرگای تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کرایەوە
پێنجشەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای تانەدان لە ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کردەوە، بۆ ئەوەی هەر لیسی و کاندیدێک کە بە ئەنجامەکان ڕازی نییە، بتوانێت لەو ماوەیەی دیاری کراوە، تانە لە ئەنجامەکان بگرێت.
بە گوێرەی ئەو ماوەیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاری کردووە، لە ئەمڕۆوە تا یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، کە دەکاتە 3ی تشرینی دووەمی 2024، کۆمیسیۆن دەرگای تانەدان لە ئەنجامەکانی کۆتای هەڵبژاردنەکان داناخات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جگە لە نووسینگەکانی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەی نیشتمانی بەغداش تانەی لایەنەکان وەردەگرێت.
بەگوێرەی ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن دەرگای وەرگرتنی تانەکان تەنیا سێ ڕۆژە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوەی سبەینێ هەینی، پشووی فەرمییە، کۆمیسیۆن بڕیاری دا تاوەکوو کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی یەکشەممە تانەی لایەنەکان وەربگرێت.
دوێنێ چوارشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێری پایتەختەوە، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ڕاگەیاند.
ئەنجامەکانی کۆتایی بەمشێوەیە بوون:
پارتی دیموکراتی کوردستان 812,794 دەنگ 39 کورسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان 409,548 دەنگ 23 کورسی
نەوەی نوێ 292,032" دەنگ 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 117,444 دەنگ 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست 56,008 دەنگ 4 کورسی
كۆمەڵی دادگەریی کوردستان 64,874 دەنگ 3 کورسی
بەرەی گەل 33,466 دەنگ 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان 11,641 دەنگ 1 کورسی
هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان 13,254 دەنگ 1 کورسی