لە گەرمەی ململانێکانی نێو ماڵی سوننە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە نیازە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانیشتنێکی تایبەت ساز بکات، بۆ چارەکردنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەن و جێگرتنەوەی محەممەد حەلبوسی، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر ئەندامێتییەکەی لێ سەندرایەوە. لە کاتێکدا لایەنە سوننەکان لایان وایە ناکۆکییەکانی نێو ماڵی سوننەکان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی نایەت، بەڵکو بەهۆی پەرتەوازەییان، زیاتر دەبێت.
ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، عزام ئەلحەمدانی بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "هەندێک لایەنی سوننە بە لایەنەکانی دەرەوە خۆیان بەهێز دەکەن، بەوەی ناتوانن 50+1 کۆبکەنەوە لەکاتێکدا 76 کورسی پەرلەمانیان هەیە، لەبەر ئەوە پێویستیان بە شیعە یان لایەنە کوردەکان هەیە بۆ تەواو کردنی ڕێژەی یاسایی پەرلەمان، ئەمەش لاوازی ماڵی سوننەکان نیشان دەدات."
سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆ، ئەلحەمدانی گوتی: "تەواوی پێکهاتەکانی سوننە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانن ، بەڵام ڕەنگە لایەنێکی سیاسی بە هۆکارێک مەرجی هەبێت بۆ کردنەوەی دەرگای کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان."
دەستێوەردانەکانی ناوخۆیی و دەرەکی
لەبەر دەستوەردانە ناوخۆ و دەرەکییەکان، ناکۆکییەکانی نێو ماڵی سوننە زیاتر بوونە. موزاحیم حویت، سیاسەتمەداری سوننە لەوبارەوە گوتی: "سەبارەت بە کاروباری ناوخۆ دەتوانرێت چارە بکرێن و زۆرینەیان بە چوار چێوەی هەماهەنگییشەوە لەگەڵ کاندیدکردنی مەحمود مەشهەدانی دان."
باسی لەوەش کرد "پێویستە کاندیدکردنەکە تەنها لە ڕێگەی حەلبوسیەوە بێت چونکە زۆرترینە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەلایەن وڵاتانی دەرەوە پشتگیریی ناکرێ، وەک سالم عیساوی کە تورکیا لە ڕێگەی خەمیس خەنجەرەوە پاڵپشتی دەکات."
حویت ئاماژە بەوە دەکات "هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ناو ئەنجوومەنی سوننە ناهێنێت، بەڵکو لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت، بەو پێیەی ناکۆکیەکان بەردەوامن، چونکە هیچ لایەنێک نییە یەکیان بخاتەوە؛ سەرکردەی سوننە هەن کە شوێنکەوتەی قەتەر، سعوودیە، ئەمەریکا، بەریتانیا، ئێران، وڵاتانی کەنداو، کەوتوون، تەنانەت هەیە شوێنکەوتووی چینە".
ماڵی سوننە پەرشوبڵاوترینە
ناکۆکییەکانی نێو ماڵی سوننە بە ئاڵۆزتر دادەنرێت لەوەی لە ماڵی شیعەکان بەدی دەکرێت، بە گوتەی موهەند ڕاوی "هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە هەموو خولێکدا بەدی دەکرێت، دانیشتنەکە بە شێوەیەک پەک دەخرێت، کە لە سێ خولی ڕابردوودا ئەمە ڕووی داوە."
دەشڵێت: “بەڵام ئەوەی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرنگترە ململانیی نێوان "تەقەدووم، سیادە و عەزم"ـە کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێسکی یەکتر ورد دەکەن، ئەمەش دەبێتە زیانێکی گەورە بۆ هەموویان."
سەبارەت بە ڕۆڵی ماڵی شیعەکان لە ململانێی سوننەدا، ڕاوی ڕوونی دەکاتەوە "چوارچێوەی هەماهەنگی نوێنەرایەتیی ناو ماڵی شیعەکان دەکات، کە زۆرینەی ئەندام پەرلەمانی هەیە، ئەوانیش ڕێگەیان بەو چوارچێوەیە دا دەست لەو بابەتە وەربدات و ئیرادەیان خۆیان بەسەردا بسەپێنن."
سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، ڕاوی پێشبینی دەکات "پرسی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم فشارێکی گەورەدایە لەلایەن جەماوەری سوننە و وڵاتانی ناوچەکە."
لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردەیەکی پارتی سیادە، بەناوی مەروە عیساوی، گوتی: "بەشێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەر مافی ئەوانی دیکە دا گرتووە."
دەشلیت: "عێراق وڵاتێکی هەمەچەشنە و ناکرێت بە یەک ڕەنگی سیاسی حوکمڕانیی بکرێت، هەروەها سیاسەتی وەدەرنان و قۆڵبڕین کارێکی دیکتاتۆرییە، کە هێشتا لە مێشکی هەندێکیاندا ماوەتەوە، ئێمەش قبووڵی ناکەین کە حزبێکی سیاسی لە ڕووی پەراوێز خستن و دەستبەسەرداگرتنی مافەکانەوە بمانباتەوە چوارگۆشەی یەکەم."
هەڵبژاردنی دوو ڕێگا
چوارشەممەی ڕابردوو 23ـی ئۆکتۆبەر، شەش هێزی سوننە بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، دوو ڕێگایان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستنیشان کرد، ئەوەش دوای 11 مانگ لەمانەوەی ئەو پۆستە بەبەتاڵی.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی نێوان "تەقەدووم، جەماوەری نیشتمانی، ئەلحەسم، پڕۆژەی نیشتمانی عێراق، ئەلسەدارە، ئەلموبادەرە"دا هاتووە "ئەو هێزانە بوونی دوو ڕێگەیان پشتڕاست کردەوە، ئەویش هەموو لایەنە کێبڕکێکارەکان کاندیدەکانیان بکشێننەوە، هەروەها بۆ هەموو هێزە نیشتمانییەکانی ئامادەبوو پابەندبن بە پشتیوانیکردنی مەحمود مەشهەدانی، کە پشتیوانی زۆرینەی پەرلەمان و سیاسی سوننەی بەدەست هێناوە."
سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "بریتییە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی نوێ."
ڕۆژی دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەم، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن کە ئەمڕۆ پێنجشەممە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.