سەرۆکی ئەمەریکا لایەنگرانی ترەمپ بە زبڵ و خاشاک ناو دەبات

دوای ئەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لایەنگرانی ترەمپی بە زبڵ و خاشاک ناوبرد، لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری زبڵ و خاشاکەوە گەیشتە ویلایەتی ویسکۆنسێن.

دۆناڵد ترەمپ، پێش کۆبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی ویسکۆنسێن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ڕای ئێوە چییە لەسەر بارهەڵگری زبڵ و خاشاکەکەم؟ کە ناوی کامالا هاریس، جێگری سەرۆک و جۆو بایدنی لێ نراوە."

لە 28ـی تشرینی یەکەمدا، تۆنی هینشکلیف، کۆمیدیکاری ئەمەریکی لەکاتی قسەکردن، لە گردبوونەوەیەکی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ لە نیۆرک، گاڵتەیەکی کرد و پورتوریکیینی بە "دوورگەیەکی زبڵ و خاشاک" ناو برد. 

ڕۆژی دواتر بایدن گوتی: "خەڵکی پورتوریکیین، کەسانی باشن، بەڵام تاکە زبڵ و خاشاک کە بینییویەتی لایەنگرانی ترەمپە."

دواتر بایدن هەوڵی دا لێدوانەکانیدا نەرمی بنوێنێت و وای دەرخات کە مەبەستی لە قسەکانی ئەو کۆمیدیکارە بووە کە ڕق و کینە بەرامبەر بە لاتینییەکان دەربڕیوە.

لایەنگرانی ترەمپ گوتەکانی بایدنیان بەرامبەر بە لایەنگرانی ترەمپ، بە 'قێزەون' ناوبرد.

5ـی تشرینی دووەمی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت و پارتی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا نوێنەرایەتیی دەکات و پارتی دیموکراتیش کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا نوێنەرایەتیی دەکات.