ئاوارەکانی جورف ئەلسەخر: 11 ساڵە لەخراپترین دۆخداین، کەچی ئاوارە لوبناییەکان باشترین خزمەت دەکرێن

ئاوارەکانی جورف سەخر
ئاوارەکانی جورف سەخر

حکوومەتی عێراق پێشوازیی لە هەزاران پەنابەری لوبنانی کردووە و لە ماڵەکاندا نیشتەجێی کردوون و پێداویستیەکانی بۆیان دابین کردووە، بەڵام نزیکەی سێ هەزار ئاوارە  11 ساڵە لە جورف ئەلسەخر ئاوارەبوون و لە خیوەتدا دەژین، ڕێگەنادرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئاوارەکان دەپرسن: "لوبنانییەکان تازە هاتوون و هەموو شتێکیان بۆ دابین کراوە، بەڵام ئێمە کە خاوەن ماڵین لەناو خیوەتدا دەژین، ئەمەش نیشانەی گەورەی پرسیاری دروست کردووە لەسەر ڕاستگۆیی حکوومەت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان."

لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق پێشوازیی لە هەزاران پەنابەری لوبنانی کردووە و پێداویستی بۆیان  دابین کردووە، بەڵام ئاوارە عێراقییەکان لەدۆخێکی قورسی مرۆیدان و ژیانیان سەختە، لەنێوانیشیاندا ئاوارەکانی جورف ئەلسەخر و عوەیسات،هێشتا لە ناوچەی بزێبز لەناو خیوەتدا دەژین ، ئەم ئاوارانە بەهۆی گەرمای هاوین و سەرمای زستان ئازار دەچێژن.

یەکێک لە ئاوارەکانی جورف ئەلسەخر دەڵێت: "تا ئێستاس نازانین بۆچی ڕێگە نادرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان لە جورف ئەلسەخر، داوا دەکەین حکوومەت بمانگەڕێنێتەوە ناوچەکانی خۆمان."

گوتیشی: "حکوومەتی عێراق زیاتر لە ئێمە خزمەتی پەنابەرە لوبنانییەکان دەکات، لەکاتێکدا ئێمە ڕۆڵەی ئەم خاکەین و خاوەن ماڵین، داوای مافمان لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین."

هاوکات، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش بێتوانایە لە دابینکردنی پەناگە بۆ سێ هەزار ئاوارەی عێراقی لە ئەنبار، ئەمەش گومانی لای ئاوارەکان دروست کردووە.

ئاوارەکان دەپرسن: "سەرباری دابینکردنی بودجەیەکی گەورە بۆ ئەم وەزارەتە بەڵام ئاوارەکان لە سادەترین مافەکانی ژیان بێ بەشن. بۆیە ئاوارەکان داوا لە لایەنە پەیوەندیدار دەکەن "چارەنووسیان یەکلایی بکەنەوە، لانیکەم وەک ئاوارەی لوبنانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."

ئاوارەیەکی دیکەی عێراقی دەڵێت: "پەنابەرە لوبنانییەکان لەئێمە زیاتر بایەخیان پێ دەدرێت، ئێمەش دەپرسین ئەمە لەپێناو چیدا؟ دۆخمان خراپە، دۆخی دەروونیمان خراپە 10 ساڵە ڕێگەیان نەداوە بگەڕێنەوە، ماڵ و موڵکمان تیاچوو."

ئاوارەیەکی تر باسی لەوە کرد،"نە هیچ بەرپرسێک نە سەرۆک وەزیرانیش لێمان ناپرسنەوە، جورف ئەلسەخر تەنها 20 کیلۆمەتر لە خێوەتگەکانمانەوە دوورە، ڕێگە نادەن بگەڕێینەوە، نازانم سەرۆک وەزیران دەتوانێت چی بکات، لوبنانییەکان تازە هاتوون و لەماڵەکاندا نیشتەجێ کراون، ئێمەش 11 ساڵە لەخراپترین دۆخداین."

10 ساڵ بەسەر ئاوارەبوونی ئەم خەڵکە تێپەڕیوە، بەڵام نەهامەتیەکانیان هێشتا بەردەوامن، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش لەجێگەی ئەوەی پەناگەیان بۆ دابین بکات ئاوارەکان بە زیادەڕە و وەسف دەکات. ئاوارەکانیش هیواخوازن کێشەکانیان چارە بکرێن و چیتر لەچاوەڕوانیدا نەیانهێڵنەوە.