ئه‌مه‌ریكا پرۆژه‌یه‌كی دوولایه‌نه‌ی بۆ شه‌ڕ و ئاگربه‌ست لە لوبنان هه‌یه‌

هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان
هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی تاوتوێی گفتوگۆی ڕه‌شنووسی ڕێككه‌وتنێك ده‌كه‌ن بۆ كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی سوپای ئیسرائیل و چه‌كدارانی حزبوڵلای لوبنانی؛ ڕه‌شنووسی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ماوه‌ی دوو مانگ قۆناغی ڕاگوزه‌ر له‌ خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام ڕێگه‌ به‌ ئیسرائیل ده‌دات له‌و ماوه‌یه‌دا هێرشه‌كانی بۆ ناوخۆی لوبنان به‌رده‌وام بێت.

به‌ گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ڕێگه‌ به‌ ئیسرائیل ده‌دات له‌ قۆناغی ڕاگوزه‌ردا كه‌ دوو مانگ ده‌خایه‌نێت، هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر لوبنان درێژه‌ پێ بدات.

هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بڕیاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی بڕیاری ژماره‌ 1701 كه‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا هێنا له‌ ساڵی 2006ـدا، ده‌سه‌پێنێت. هاوكات داوا له‌ ئیسرائیل ده‌كات دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی دوو مانگه‌كه‌، له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا هێزه‌كانی له‌ لوبنان بكشێنێته‌وه‌، پاشان سوپای لوبنان له‌ باشووری ئه‌و وڵاته‌ بڵاوه‌ی پێ ده‌كرێت بۆ له‌ناوبردنی ژێرخانی سه‌ربازیی حزبوڵلا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌.

ڕۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌و گفتوگۆیانه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی ناوچه‌كه‌یان كردووه‌، وه‌كوو به‌شێك له‌ هه‌وڵه‌كانی ئیداره‌ی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتاییهێنانی جه‌نگی غه‌ززه‌ و لوبنان.

ویلیام بێرێنز، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكی (سی ئای ئه‌ی) سه‌ردانی میسری كرد و له‌ قاهیره‌ له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر كۆ بووه‌وه‌، هاوكات ئامۆس هۆششتاین و برێت مه‌كگۆرك، به‌رپرسانی گه‌وره‌ی كۆشكی سپی سه‌ردانی ئیسرائیلیان كردووه‌ بۆ تاوتوێكردنی شه‌ڕی لوبنان.