سالار عوسمان: کاری بەیەکەوەیی ئامانجی پارتییە و دەیەوێت دەرفەتی بەشداریی لە حکوومەت بۆ هەمووان هەبێت

سالار عوسمان، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتی
سالار عوسمان، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتی

ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ هاوكات به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حزبه‌یشه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كوردستان له‌ حزب و هه‌ر كه‌سێك گه‌وره‌تره‌ و پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌سه‌ر كه‌س ناوه‌ستێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پارتی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی له‌ ڕۆیشتنی به‌رده‌وامدایه‌؛ ده‌شڵێت، پارتی ده‌رگه‌ی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت كراوه‌یه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 31ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، سالار عوسمان، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی باسی كه‌ له‌ لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له‌ كوردستان24ـوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، گوتی: له‌ 20ـی ئۆكتۆبه‌ری 2024ـدا كه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، نموونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسی پێشكه‌ش كرا و هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگه‌شه‌ی ئازادانه‌ی خۆیانیان بكه‌ن، كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان زێده‌ڕۆییان كرد و پێشێلی یاسا و ڕێنماییه‌كانیان كرد، سه‌رباری ئه‌مه‌ش، هێشتا هه‌رێمی كوردستان به‌ سنگێكی فره‌وانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی لایه‌نه‌كانی قبووڵ كرد.

سالار عوسمان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كوو هێزی یه‌كه‌می كوردستان ده‌نگێكی زۆری هێنا و وه‌كوو هه‌موو جار، پاته‌ی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی كرده‌وه‌، به‌و پێیه‌ی مێژوو، جه‌ماوه‌ر و ڕاستی له‌گه‌ڵدایه‌ و له‌مه‌ودوایش هه‌ر به‌ یه‌كه‌می ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ حزبێكه‌ دیگه‌ی قووڵی هه‌یه‌ و نیشتمان به‌ وێنا گه‌وره‌كه‌وه‌ ده‌بینێت و خاوه‌نی دۆزه‌.

به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، پارتی به‌هۆی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ده‌ستی هێناوه‌، له‌ ڕووی سایكۆلۆژیای حزبی ملیۆنییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه‌ حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ داوایان كرد جه‌ماوه‌ر به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ بكه‌ن، چونكه‌ كۆمیسیۆن به‌ ده‌ستی عێراقه‌وه‌ بوو، له‌ ئه‌نجامدا جه‌ماوه‌ر به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی كرد و قه‌باره‌ی حزب و لایه‌نه‌كانی دیاریی كرد.

سالار عوسمان جه‌ختی كرده‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌رگیز له‌ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی له‌خۆبایی نه‌بووه‌ و نابێت، به‌ڵكوو له‌وه‌ته‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ ساڵی 1992ـدا داكۆكی له‌ كاری پێكه‌وه‌یی كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و كات پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی دایه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئێسته‌ش دوای هه‌ڵبژاردن سه‌ردانی ئه‌و حزبه‌ و هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ده‌كات، چونكه‌ ئامانجی كاری به‌یه‌كه‌وه‌ییه‌ و له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كۆتاكانیش به‌شدار بن و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیكه‌یش كه‌ ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌یان نه‌بووه‌، له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا بن.

ناوبراو ڕوونی كرده‌وه‌، پارتی قۆناغی بانگه‌شه‌ و هاوكات هه‌ڵبژاردنی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌مه‌ودوا سه‌رقاڵی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ده‌رگه‌ی به‌ ڕووی هه‌موو لایه‌نه‌كان كراوه‌ ده‌بێت و ده‌رگه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش به‌ ڕووی خۆیدا به‌ كراوه‌ ده‌بینێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش پارتی لیژنه‌ی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو پێك هێناوه‌.