ماڵپەڕی ئەکسیۆس: ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل
دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕایانگەیاند، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ڕەنگە هێرشەکە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بێت، کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەو دوو سەرچاوەیە بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمەریکیان ڕاگەیاندووە، "هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئەوە دەردەخەن، پێدەچێت ئێران لە عێراقەوە بە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک هێرشەکە بکاتە سەر ئیسرائیل."
ماڵپەڕەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، "هێرشەکە لە ڕێگەی گرووپەکانی لایەنگری ئێران لە عێراقەوە دەبێت، نەک ڕاستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە، بۆیە ئەمەش ڕەنگە هەوڵێک بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران".
ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە تۆڵەکردنەوەی هێرشەکەی 1ـی ئۆکتۆبەری ئێران، بە نزیکەی 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند شوێنێکی سەربازی ئێرانی کردە ئامانج، کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا دوو سەربازیش کوژران.