وەزارەتی تەندروستی سزای ئەوانە دەدات کە کۆسپ لەبەردەم پرۆژەی هەژماری من دروست دەکەن
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سزای هەرکەس و لایەنێک لە وەزارەتەکەیان دەدات، ئەگەر کۆسپ بۆ بەجێ گەیاندنی پرۆژەی هەژماری من دروست بکەن.
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی ئاڕاستەی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانی تەندروستی کردووە، کە تێیدا هاتووە، کاری پێویست بکەن بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پرۆژەی 'هەژماری من'.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، "دەبێت ڕێگری لە هەر سەرپێچییەک بکرێت کە لەم ڕووەوە لەلایەن پێکهاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی سەرجەم بەش و کارگێڕییەکانی دامودەزگای تەندروستی دەکرێت، بەرامبەر بە کۆسپ دروست کردن لەبەردەم بەجێ گەیاندنی پرۆژی هەژماری من".
لە 2ـی ئابی 2023، پرۆژەی هەژماری من، لەلایەن سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و جێگر و هەموو وەزیرەکان، وەکو پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کارکردن بە سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرا.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە، بە خێرایی دەست کرا بە تۆمارکردنی مووچەخۆران، پلانەکەش بەو جۆرەیە، نابێت تۆمارکردنی هەموو مووچەخۆران لە کۆتایی 2025 تێپەڕ بکات. هەروەها ئەو پرۆژەیە سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، کە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2024، 153 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمار کراون.