کێڵگەیەکی تایبەت بە چاندنی ماددەی هۆشبەر لە نزیک بەغدا دۆزرایەوە

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کێڵگەیەکی تایبەت بە چاندنی ماددەی هۆشبەریان لە نزیک بەغدا دۆزیەوە، چاودێران باس لەوەدەکەن؛ هەبوونی کێڵگەی ماددەی هۆشبەر بەبێ پشتیوانی لایەنی دەسەڵاتدار ئەستەمە، هاوکات هاووڵاتیان ترسیان لەوە هەیە عێراق چیتر تەنها بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر نەبێت، بەڵکو وەک ئەفغانستان خۆی ببێتە بەرهەمهێنەر.

محەممەد عەواد، ڕۆژنامەنووس بە کوردستان24ـی گوت: "نزیکەی حەوت دۆنم زەوی لەنزیکی بەغدا بە ماددەی هۆشبەر چێندراون، ئەمەش بە تاکەکەس ناکرێت، مانای وایە لایەنی دیکە هەن لەم بابەتەوە تێوەگلاون. بۆچوونی من وایە چاندنی رووبەرێکی وەها گەورەی بەماددەی هۆشبەر بەبێ هێز و دەسەڵات ناکرێت".

لە ڕوانگەی کشتوکاڵییەوە چاندی ئەو جۆرە ڕووەکە مەترسی گەورەی دوورمەودای هەیە، چونکە ڕەنگە بابەتە پەیوەست بێت بەوەی عێراق ببێتە ئەفغانستانێکی دیکە لە ڕووی بەرهەمهێنانی ماددەوە.

حوسەین عەباس، چاودێر ئاماژەی دا، "گۆڕانکاری لەپێگەی عێراق لە بەکاربەرەوە بۆ بەرهەمێنەری ماددەی هۆشبەر زۆر ترسناکە، چونکە مەترس لەسەر داهاتووی نەوەکانی وڵاتە، هەروەها ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن گەنجی زۆر تووشی ئەم کارەساتە بوون، هەندێک کەسیش دەیانەوێت عێراق لەرووی بەرهەمهێنانەوە بکەنە ئەفغانستانی دووەم".

لەگەڵ ئاشکرابوونی کێڵگەی تایبەت بە چاندنی ماددەی هۆشبەر لەیەکێک لەناوچەکانی نزیک بەغدای پایتەخت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ترس لای هاووڵاتیان دروستبووە بەوەی عێراق چیتر بەکارهێنەری ئەم ماددەیە نەبێت و خۆی ببێتە بەرهەمهێنەر.