کۆریای باکوور: هەمیشە لەپاڵ دۆستە ڕووسەکانمان دەوەستین

ئەمڕۆ هەینی، 1-11-2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ چوی سۆن هوی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و بڕیارە هەردوولا تاوتوێی پرسە ستراتیجییە گرنگەکان بکەن.

سێرگی لاڤرۆڤ گوتی: "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانمان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، ئەمەش بەهۆی ئەو بایەخ پێدانە تایبەتەی کە لەلایەن سەرۆک پوتین و سەرۆکی کیم جۆنگ ئون دراوە بەو پەیوەندییانە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور، ئامانجی بەدەستهێنانی سەقامگیرییە لە ئەورووپا و ئاسیا".

لە دیدارەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکی زۆر نزیک لە نێوان سوپای هەردوولا هەیە، کە لە ڕێگەی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانەوە دروست بووە و ئەمەش ڕێگەمان پێدەدات ئەو کێشانە چارە بکەین کە گرنگن بۆ سەلامەتی هاووڵاتیانمان".

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سوپاسی وڵاتەکەی بۆ کۆریای باکوور دەربڕی، سەبارەت بە هەڵوێستی کۆریای باکوور لەبارەی دۆخی ئۆکرانیا.

چۆی سۆن هوی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ڕایگەیاند: "دۆخی ئەمنی وڵاتەکەمان ئێستا، بەهۆی پیلانگێڕییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بووەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و ناسەقامگیر".

گوتیشی: سەرۆکی وڵاتەکەی 'کیم جۆن ئون ڕایگەیاندووە، "هاوپەیمانی سەربازی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور، دەگۆڕێت بۆ هاوپەیمانییەکی سەربازی و ئەتۆمی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخی نیمچە دوورگەی کۆریا لە هەر کاتێکدا بتەقێتەوە، کە زۆر مەترسیدارە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە گشتی".

وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور دەشڵێت: "بە هیچ شێوەیەک گومانمان نییە لەوەی سوپا و گەلی ڕووسیا  بە سەرکردایەتی ڤلادیمێر پوتین، سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنن، لە خەباتی پاراستنی مافە سەروەرییەکان و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتەکەیان"، جەختیش دەکەینەوە تاوەکو سەرکەوتن، "هەمیشە لە پاڵ دۆستە ڕووسەکانمان دەوەستین".