مەحموود مەشهەدانی سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەکانی سەرۆک بارزانی دەکات

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی هەینی 1-11-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی و مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.

 لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی "پاڵپشتی و پیرۆزبایی خۆی بە مەحموود مەشهەدانی ڕاگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەرانبەریشدا سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا جەخت لە "چارەسەركردن و یەکلاییکردنەوەی كێشە هەڵواسراوەكان و هەروەها تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە كرایەوە كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدان و دەبنە هۆی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق".

ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زوبەعی، عامر عەبدولجەبار، کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

مەحموود مەشهەدانی کێیە؟

مەحموود داوود مەشهەدانی لە دایکبووی 1948 – بەغدا.

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەی کازمییەی بەغدا تەواو کردووە.

ساڵی 1972 کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.

ساڵی 1981 بەهۆی چالاکی و هەڵوێستی سیاسی زیندانی کراوە.

ساڵی 2000 سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دەکراوە.

ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی.

ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.

ساڵی 2006 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

ساڵی 2021 بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردراوە.

31/10/2024 بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.