وەزارەتی تەندروستی: ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لە خوار ستاندارتی جیهانییە

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە لەوە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی زۆر كەمترە لەوەی جیهاندا هەیە.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارتی تەندروستیدا هاتووە، لە چەند پەیج و دیجیتاڵ میدیا، بڵاوكراوەتەوە كە گوایە: "هەر 53 خولەك جارێك كەسێك لە هەرێمی كوردستان تووشی شێرپەنجەدەبێت"؛ دەمانەوێت لێرەوە جارێكی تر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دووپات دەكەینەوە كە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لە خوار ستاندارتی جیهانییە.

هەروەها ئاماژەیداوە، كە بۆ هەر 100 هەزار كەس 151 كەس توشبووە، لە جیهان بۆ سەد هەزار كەس 191 كەسە، بەمەش لە جیهان بۆ هەر سەعاتێك دووكەس تووش دەبن، خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان ڕێژەكە زۆر كەمترە، وە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیادەكەینەوە كە پێویست ناكات بەو جۆرە هەواڵانە دڵگرانبن، كە لە پێناو كۆكردنەوە و لایك هەوڵی ترساندن و دڵەڕاوكێ بڵاو دەكەنەوە، ئەم جۆرە كارانەشیان دوورە لە مرۆڤایەتی و پێویست بە دڵە ڕاوكێی دروستكردن ناكات.