سوودانی و شاندی حکوومەتی هەرێم جەخت لە شەفافییەتبوونی پرۆسەی سەرژمێری دەکەنەوە

شاندی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان
شاندی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستی ئەنجامدانی سەرژمێری لە وادەی دیاریکراوی خۆی کردەوە، هاوکات ئاماژەیان بە گرنگی پەسەندکردنی بەرزترین ستاندارتی پیشەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەچوونی سەرژمێری دا.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆمار و فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە، لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە پێشهاتەكانی دۆخەكە كرا لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی، هەروەها دۆسیەی پەیوەندی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق، كە گرنگی بەردەوامی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارە بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە پێی دەستوور و یاسا جەختی لەسەر كرایەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیان لە شەفافییەتبوون و گرنگی پێوەرەکانی سەرژمێری دانیشتووان کردەوە. هاوکات ئامادەكارییە بەردەوامەكان بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان گفتوگۆیان لەسەر كرا، جگە لەوەی باس لە كۆمەڵێك تێبینی پەیوەست بەم پرۆسەیە كراوە بە مەبەستی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی ڕاستەقینەو تۆكمە و دروست كە هەر بەربەستێك یان پرسێك تێدەپەڕێنێت كە ڕەنگە ڕێگری لەم پرۆسەیە بكات.

بریارە 20ـی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.

سەرژمێریی، یەکێکە لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی پرۆسەکەش دەکرێتە بنەمایەک بۆ بڕیاردان، بۆیە سەرژمێری بۆ کەرکووک گرنگه‌.