سیروان محەممەد: ئەنجامی سەرژمێری كاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەنجامی سەرژمێریی دانیشتووان كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان لەناو عێراق دەبێت، چونكە ئەوان ئێستا ڕێژەی 12.67%ـیان بۆ ئێمە داناوە و بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش، ڕێژەكەی ئێمە دەبێت بگاتە 15%.

ئەمڕۆ هەینی 1ـی تشرینی دووەمی 2024، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوێنێ لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان کۆ بووینەوە، ئێمە ماوەیەکی زۆرە داوای جێبەجێکردنی تێبینییەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان، باسی لەوە کرد، داواکاری و تێبینییەکانمان ئەوەیە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا بکرێت، لە ماوەکانی ڕابردوو هەندێک خاڵمان خستبووە ڕوو کە سێ بژمێر سەردانی خانەوادەکان بکەن لەو ناوچانە،  داوامان کردبوو سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێت بە بنەما و پاککردنی لیستی دانیشتووانی ئەم ناوچانە، تا لە ئاییندە ئەو هاووڵاتییانەی کە هاتوونەتە ئەو ناوچانە بەکارنەهێندرێن بۆ چەساپاندنی ئەو واقیعەی کە هەیە لەوێدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەی دوێنێ داواکارییەکانی خۆمان بە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دا و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە کۆبووەونەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر داواکارییەکانمان بدرێت.

لەبارەی ڕێژەی کورد لە عێراق لە دوای پرۆسەی سەرژمێری، سیروان محەممەد، دەڵێت: ئەنجامی سەرژمێری كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان لەناو عێراق دەبێت، چونكە ئەوان ئێستا ڕێژەی 12.67%ـیان بۆ ئێمە داناوە و بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش، ڕێژەكەی ئێمە دەبێت بگاتە 15% بەبێ  ئەو ئاوارانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەگەر ئاوارەکانیش هەژمار بکرێن لەسەر ئێمە ئەوا ڕێژەکە دەگاتە 17%.

ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆمار و فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیان لە شەفافییەتبوون و گرنگی پێوەرەکانی سەرژمێری دانیشتووان کردەوە. هاوکات ئامادەكارییە بەردەوامەكان بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان گفتوگۆیان لەسەر كرا، جگە لەوەی باس لە كۆمەڵێك تێبینی پەیوەست بەم پرۆسەیە كراوە بە مەبەستی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی ڕاستەقین ەو تۆكمە و دروست كە هەر بەربەستێك یان پرسێك تێدەپەڕێنێت كە ڕەنگە ڕێگری لەم پرۆسەیە بكات.

ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957

بەگوێرەی سه‌رژمێری ساڵی 1957ـی عێراق، ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق بریتی بووە لە شەش ملیۆن و 538 هەزار و 199 کەس و کە کورد رێژەی 16%ـی پێکهێناوە و عەرەبیش بە شیعە و سووننەوە رێژەی 80%ـی دانیشتووان و تورکمان رێژەی 2%ـی دانیشتووانی عێراقیان پێکهێناوە.

ژمارەی عەرەب لە عێراق بە شیعە و سووننەوە، پێنج ملیۆن و 18 هەزار و 262 کەس بووە و ژمارەی کوردیش ملیۆنێک و 42 هەزار و 774 کەس و تورکمانیش 136 هەزار و 806 کەس و كریستیانه‌كانیش ژمارەیان 206 هەزار و 202 کەس بووە لە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957.

لە سەرژمێری ساڵی 1957ـدا، دابه‌شبوونی دانیشتووان له‌ كه‌ركووك، کورد زۆرینە بووە بە 187 هەزار و 593 کەس و عەرەبیش 109 هەزار و 620 کەس و تورکمانیش 83 هەزار و 371 کەس و کریستیانەکانیش ژمارەیان بە هەزار و 605 کەس.

پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان

بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تاوەکوو ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 51 ملیۆن و 500 هەزار کەس.

سەرژمێریی، یەکێکە لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی پرۆسەکەش دەکرێتە بنەمایەک بۆ بڕیاردان، بۆیە سەرژمێری بۆ کەرکووک گرنگه‌.