چوار ڕۆژی دیكه 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا ههڵدهبژێردرێت
تەنیا چوار ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا. ئەو هەڵبژاردنەی چاوی هەموو جیهانی لەسەرە و هەمووان دەیانەوێت بزانن کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان یان دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان دەبێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا.
ڕۆژی سێشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2024، هاووڵاتییانی ئەمەریکا 47ـەمین سەرۆکی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا یەكێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان و کەم تا زۆر کاریگەریشی لەسەر تەواوی جیهان دەبێت.
کۆماری و دیموکراتەکان دوو کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەیە، دۆناڵد ترامپ و کامالا هاریس. هەڵوێسی ئەم دوو کاندیدە لەسەر پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تەواو پێچەوانەیە.
پێشتر هەردوو کاندید هەڵوێستیان لەسەر چەندین پرسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاشکرا کردووە لەوانەش، کۆچ، لەباربردنی منداڵ، ئابووری، ئاسایشی نیشتمانی، شەڕی غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەنگی ئۆکرانیا.
سەبارەت بە پرسی کۆچ لە ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمارییەکان دەڵێت: بایدن و هاریس وڵاتەکەیان پڕکردووە لە تیرۆریست، تاوانبار و بازرگانی ماددەی هۆشبەر.
کامالا هاریس کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکانیش رەخنە لە ترامپ دەگرێت بەوەی، لە کۆنگرێس ئاستەنگی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای ئاسایشی سنوورەکان دروست کردووە.
لەباربردنی منداڵیش پرسێکی دیکەیە، کۆماری و دیموکراتەکان لەبارەیەوە ناکۆکن، ترامپ ڕەخنە لە هاریس دەگرێت بەوەی پشتیوانی لە لەباربردنی منداڵ دەکات، تەنانەت منداڵی 9 مانگایش. هاریسیش لەوبارەیەوە دەڵێت: ترامپ مافی ئەوەی نییە ڕێگە بۆ ئافرەتان دانێ و ناچاریان بکات چی لە جەستەیان بکەن.
لەبارەی ئاسایشی نیشتمانیش ترامپ ڕایگەیاند، بەهۆی بایدن و هاریسەوە جەنگی ئۆکرانیا و غەززە ڕوویدا. هاریسیش دەڵێت: ئەو سیاسەتەی ترامپ لەبارەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەیەتی، هەڵەیە.
لەبارەی ئابووری وڵاتیشەوە، ترامپ ڕەخنەی توند لە بایدن و هاریس دەگرێت، پێیوایە سیاسەتی هەڵەی ئیدارەی بایدن وایکردووە، هەڵاوسان لە ئەمەریکا ڕێژەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات، بە جۆرێک لە مێژوودا وێنەی نەبێت.
هاریسیش دەڵێت: ترامپ دەیەوێت باج لەسەر ملیاردلێرەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئێمە باج لەسەر خێزانەکان کەم دەکەینەوە.
لەبارەی شەڕی غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ترامپ و هاریس هەڵوێستی جیاوازیان هەیە، ترامپ بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بوایە، شەڕی غەززە ڕووینەدەدا. دەشڵێت: ئەگەر هاریس ببێتە سەرۆک دوای دوو ساڵ شتێک نامێنێت بەناوی ئیسرائیل.
هاریسیش پێیوایە لەڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتەوە دەتوانن ئاسایشی فەڵەستینییەکان بپارێزن کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکی بهێنن.
جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاش پرسێکی دیکەیە هەردوو کاندید لەبارەیەوە ناکۆکن و ڕەخنە لە سیاسەتی یەکدی دەگرن، ترامپ ئامانجییەتی کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و پێداگریشە لەسەرئەوە بە 24 کاتژمێر ئەوە دەکات، بەڵام هاریس پێیوایە، ترامپ بە پشتکردنە ئۆکرانیا دەتوانێت، لەماوەی 24 کاتژمێر کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.