ئارنۆڵد شوارزنێگەر پشتیوانیی کامالا هاریس دەکات
پارێزگاری پێشووی ویلایەتی کالیفۆرنیا، بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ کامالا هاریس لە بەرانبەر دۆناڵد ترامپ دەربڕی.ئارنۆڵد دوایین کەسایەتی کۆمارییەکان نییە کە لەم هەڵبژاردنەر پشت لە پاڵێوراوی پارتەکەی دەکات و دەنگە بە پاڵێوراوی دیموکراتەکان دەدات.
ئارنۆڵد شوارزنێگەر، ئەکتەر، نووسەر، پاڵەوانی پێشوی لەشجوانی و مستەر ئۆڵمپیا لە نێوان ساڵانی 1970 بۆ 1980 حەوت جار یەکەم بووە. ئاڕنۆڵد لە سیاسەتیش بێ کێبڕکێکار بووە. ئەو پارێزگاری پێشووی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە. ئارنۆڵد کۆماریخوازێکە و بەردەوام ڕەخنەی لە ترامپ گرتووە، ئەمجارەیان بە فەرمیی پشتگیری لە هاریس کردووە و لە بڵاوکراوەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا دەڵێت: هەرچەندە بە زۆری لە بانگەشەکان دوورە، بەڵام ناتونێت بێ هەڵوێست بێت.
ئارنۆڵد ئاماژەی بەوە داوە:"ئەو بەر لەوەی کۆماریی بێت، ئەمریکییە"، باسی لەوەش کرد، هەڵوێستەکانی ترامپ "هێندە نانیشتمانییە، تەواو توڕە و بێزارە،"هەر بۆیە، لەم هەفتەیەدا، دەنگ بە کامالا هاریس و تیم والز دەدات".
ئارنۆڵد شوارزنێگەر دەشڵێت: "ترامپ دابەشکارە، سووکایەتی دەکات، ڕێگەی نوێی نائەمریکانەتر دەدۆزێتەوە، هەروەها دەیەوێت لە وڵاتێک بژیت کە بەرەو پێشەوە بچێت.
ناوبراو هەرچەندە لەگەڵ دیموکراتەکان ناکۆکە، بەڵام بەهۆکاری ترامپ ناچارە و پێی وایە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون دەنگدانە بە هاریس و والز.
ئارنۆڵد پێی وایە ترامپ نوێنەرایەتی خراپەکارییەکان دەکات و دەبێت دەرگە بەسەر ڕووی مێژووی ئەو سەرۆکە دابخرێت و هەرگیز نەکرێتەوە.
پارێزگاری پێشووی ویلایەتی کالیفۆرنیا، کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر کۆمارییە ئازادیخوازەکان هەیە، ئەوانەی پێیان وایە ترامپ لە رێچکەی کۆمارییەکان لایداوە و زیاتر کەسایەتی دیکتاتۆر و فاشیستەکان بەرجەستە دەکات.
ئارنۆڵد شوارزنێگەر، بە فیلمەکانی تێرمینێیتەر بەناوبانگە و چەندین کاری سینەمایی کاریگەر و بەناوبانگی هەیە، بەڵام ئەوەی ئاڕنۆڵد جیا دەکاتەوە، تەنیا کەسایەتی ناسراوی سینەما نییە.
شوارزنێگەر کە لە نەمسا ساڵی 1947 لە دایکبووە و لە ساڵی 1968 ڕووی کردووەتە ئەمەریکا، پێش ئەوەی لە ساڵی 1983 ببێتە هاوڵاتیی وڵاتەکە.
ئاڕنۆڵد لە ساڵی 2003 تا 2011 پارێزگاری کالیفۆرنیا بووە و ویلایەتەکەی دوو خول لەسەر یەک لە دیموکراتەکان بردبوویەوە.