ئەنبار پڕ بووە لە بێوەژن و لە حکوومەتیش ناڕازین
لە سنووری پارێزگای ئەنبار هەزاران ئافرەت له ئهنجامی شەڕی داعشەوە هاوسەرەکانیان لە دەست داوە، لهم چوارچێوهیهدا بەهۆی نەبوونی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خراپی دۆخی ئابوورییانەوە ناچارن کار بکەن، بەشێکیان کاری قورس و تاقەتپرووکێن دەکەن لە پێناو دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیان.
هەروەها سەدان منداڵیش بەهۆی لەدەستدانی بەخێوکەرەکەیانەوە، لەسەر شەقامەکان کار دەکەن، بەبێ ئەوەی وەزارەتی کار ئاوڕیان لێ بداتەوە.
ئوم محەمەد، ئافرەتێکی ئەنبارییە و ئەرکی بهخێوكردنی نۆ منداڵی کەوتووەتە ئهستۆ و ژیانێکی تاڵی هەیە. ناچار بووە پەنا بۆ پیشەی بەرگدرووریی ببات بۆ دەستخستنی قووتی رۆژانەی خۆی و منداڵەکانی. ئەمەش بەهۆی پشتگوێخستنی ئەم ئافرەتانە و هاوشێوەکانی لە لایەن بەرپرسانەوە، سەرباری ئەوەی حکوومەتی ناوەندیی پارەیەکی زۆر بۆ ناوچە ئازادکراوەکان تەرخان دەکات.
لهم بارهوه، ئوم محەمەد تایبهت به كوردستان24 گوتی: "دوای ڕووداوەکانی داعش ناوچەکانمان بە تەواوی وێران بوون، ئێمەش ئاوارە بووین، به داخهوه ناوچەکانمان هیچ کارێکیان تێدا نییە."
ئوم محەمەد ههروهها دهڵێت: "ناچار هاتمە ناو بازاڕ و بۆ دابینکردنی بژێویم ئەم دوکانەم کردەوە، سوپاسی خودا دەکەم. ئافرەتی جیابووەمان لایەیه، ئافرەتمان لایە هاوسەرەکەی مردووە، منداڵی بێکەسوکارمان لایە و كار دهكهن."
ئەو شەڕ و ململانێیانەی ماوەیەکی درێژە بەرۆکی ئەنباریان گرتووە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئافرەتانی بێ هاوسەرە. ئەم دیاردەیە ژمارەیەکی زۆر منداڵی خستووەتە سەر شەقامەکان بۆ کارکردن لە کەرتە جیاوازەکان. هەندێکیان لە بازاڕە میللییەکان کار دەکهن، هەندێک لە منداڵەکان لە پێناو پارەیەکی کەمدا پاڵ بە عەرەبانەی دەستییەوە دەنێن.
له لای خۆیهوه، ئەحمەد خەڵەف، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە تایبهت به كوردستان24 گوتی: ژمارهیهكی زۆر ئافرەتی بێکەسوکار هەیە، حکوومەتیش گرنگیان پێ نادات و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیان نییە. تەنانەت مووچەی شەهیدانە و کەمئەندامیان نییە و "داواکارین لە وەزارەتی کار مووچەیان بۆ دابین بکات."
هاوكات سەیف خەنفەر، چالاکوان به كوردستان24ـی گوت: دەیان منداڵ لە سنووری پارێزگای ئەنبار هەن لە بواری جیاواز کار دەکەن، لەوانە: فرۆشتنی کلێنس و پاکردنەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکان، هەروەها کۆمەڵێک کاری دیکە دەکەن کە بە ڕاستی ماندووکەرەوە و بۆ منداڵ نابێت.
سەیف خەنفەر هێمای بۆ ئهوهش كرد، زۆرینەی ئەرکی هاوکاریکردنی ئەم جۆرە ئافرەتانە دەکەوێتە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەرەوە فێری کارکردن و دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەیان بکەن.