سوودانی دوای سەردانەکەی بۆ ئیستانبوڵ گەڕایەوە بەغدا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سوودانی بۆ مەبەستی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان و تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵیدا، سەردانی تورکیای کرد، هەروەها دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا و گەڕایەوە بەغدا.

ئەمڕۆ هەینی، 1ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووتەوە تێیدا هاتووە، سوودانی و ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ لە کۆشکی وەحیدەدین کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر دوا پێشهاتەکان و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە کردووە، کە هێرشە ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان فراوان بووە و چەند وڵاتێکی ناوچەکەشی گرتووتەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە، سوودانی باسی لە یەکخستنی هەڵوێستەکانی کردووە لە ئاست پێشهاتە مەترسیدارەکان، کە بووەتە ئاڵنگارییەک و بەرۆکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتووتەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشی کردووە پێویستە کار ئاسانی بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە وێرانکراوەکان و خەڵکی لێقەوما، هاوکات پارێزگاریش لە مانەوەی فەڵەستینییەکان لەسەر زێد و خاکی خۆیان بکرێ.

هەر لەو دیدارەدا، سوودانی و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو عێراق و تورکیا کردووە، جەختیان لەسەر کارا کردنی ڕێککەوتنە لێکگەیشتنەکانی نێوانیان کردووتەوە لە بوارە جیا جیاکاندا.

لای خۆیەوە ئەردۆغان باسی لەوە کرد، توركیا و عێراق دوو وڵاتی دراوسێی یەكترن و بە پەیوەندییەكی دوو قووڵی مێژوویی و كولتووری بەیەكەوە گرێدراون.

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و سوودی پرۆژەکە بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێوانیان بوو.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا هێنا و گەڕایەوە بەغدا.