واشنتن بە بەهای 425 ملیۆن دۆلار پشتیوانیی سەربازیی ئۆکرانیا دەکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەهای 425 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەشی سەربازانی ئۆکرانیا دەکات.

ئەمڕۆ هەینی 1ـی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکە کۆمەڵێک پێداویستی سەربازیی کە پێکهاتوون لە؛ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ژمارەیەک تۆپهاوێژ و چەکی دژە تانک پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، هاوکارییەکان ئامێری پزیشکی، پارچەی یەدەگی سەربازیش لەخۆ دەگرێت کە بڕیارە پێشکەشی ئۆکرانیا بکرێت. پێنتاگۆن باسی لەوەش کرد، هاوکارییەکان بە بەهای 425 ملیۆن دۆلارن.

هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکارییکردنی ئۆکرانیا و ناردنی پێداویستی سەربازییی بۆی تا بەرگریی بکات لە خۆی دژی ڕووسیا.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێشبینی دەکات کۆریای باکوور لە کۆی ئەو 10 هەزار سەربازەی کە ڕەوانەی ڕووسیای کردوون، نزیکەی هەشت هەزاریان لە ناوچەی کۆرسکی سەر سنووری ئۆکرانیا جێگیر کراون.

بلینکن ئاماژەی بەوە دا، نەمانبینیوە کە ئەم هێزانەی کۆریای باکوور شەڕیان لەگەڵ هێزەکانی ئۆکرانیا کردبێت، بەڵام پێشبینی دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەڕەکە ڕووبدات.

هێزەکانی ئۆکرانیا لە مانگی ئابەوە هێرشی زەمینییان بۆ سەر کورسک دەست پێکردووە و سەدان کیلۆمەتر لە خاکی ڕووسیایان کۆنترۆڵ کردووە.

ڕووسیا و کۆریای باکوور هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی خۆیان بەهێزتر کردووە لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا، بەڵام ناردنی هێزەکانی پیۆنگ یانگ بۆ شەڕکردن لەگەڵ سوپای ئۆکرانیا نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی گەورە دەکات لە ناوچەکە.

ئەمەریکا پشتیوانێکی سەرەکی سەربازیی ئۆکرانیایە و بەڵێنی زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری چەک و تەقەمەنی و هاوکارییە سەربازییەکانی دیکەی داوە لەو کاتەوەی کە ڕووسیا لە شووباتی 2022 دەستی بە هێرش کردنە سەر ئۆکرانیا کردووە.