بەهۆی هێرشی حووسییەکان زیانی 6 ملیار دۆلار بەر ئابووریی میسر کەوتووە

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر ڕایگەیاند "هێرشی حووسییەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بە دەریای سووردا تێ دەپەڕن، کاریگەرییە نەرێنییان لەسەر بەرژەوەندییەکانی میسر دروست کردووە."

لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ئارسینۆ دۆمینگ، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی، عەبدولعاتی ڕایگەیاند "کاردانەوەی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بە باب ئەلمەندەب و باشووری دەریای سووردا تێ دەپەڕن، بووەتە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بە ئابووریی میسر بگات و زیانی بە نزیکەی 6 ملیار دۆلاری ئەمەریکی بە میسر بگەیەنێت."

چەند مانگێکە ئەمەریکا و بەریتانیا دەسیان بە هێرش بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانە لە یەمەن کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشی ئەو گرووپە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەستی پێ کردووە.

لە تشرینی دووەمی 2023 حووسییەکان لە دەریای سوورەوە دەستیان کردووە بە هێرش کردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان  بەگوتەی خۆیان ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە لە دەریای سووردا، دەکەونە بەر هێرشەکانیان و ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ گەلی فەڵەستین.