باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە واشنتۆن وەڵامی تۆمەتەکانی ئەمەریکا دەداتەوە

هەواڵگریی ئەمەریکا مۆسکۆی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی هەڵبەستراو سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا تۆمەتبار کرد.

لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە واشنتۆن ئەم تۆمەتانەی بە "درۆیەکی دیکە" ناوبرد، ئاماژەی بەوەش کردووە "هیچ بەڵگەیەکی لە بەرپرسانی ئەمەریکاوە بە دەست نەکەوتووە بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم بابەتە کە لە مێدیاکانەوە بانگەشە بۆ دەکرێت."

باڵیۆزخانەکە گوتی: "لە ئێستەوە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و مێدیاکان بەر لە هەڵبژاردن، زانیاری ناڕاست و تۆمەت بۆ ڕووسیا بڵاو دەکەنەوە."

باڵیۆزخانەکە ڕاشیگەیاند "کە ڕووسیا دەستوەردانی نەکردووە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەش ناکات، بەتایبەت لە نێویاندا ئەمەریکا."

ئاماژەی بەوەش کرد "وەک چۆن ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا چەندان جار جەختی کردووەتەوە، ئێمە ڕێز لە ئیرادەی گەلی ئەمەریکا دەگرین، هەرواشمان کردووە و دەکەین."