ئەندامێکی لیژنەی باڵای فەتوا: هەر شتێک بۆ ماڵ سوودی هەبوو، بۆ مارەیی دەگونجێت

شەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2024، عومەر مرۆ، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وەکو عورف و عادەت نەزانراوە دانەوێلە بکرێت بە مارەیی، بەڵام لە ڕووی شەرعەوە دروستە هەرچییەک کە بۆ ماڵ سوودی هەبێت، بکرێت بە مارەیی."

لە وەڵامی پرسیاری ئایا بەبێ مارەیی هاوسەرگیری دەکرێت؟  ئەو ئەندامەی لیژنەیە، گوتی: "نەخێر، بەبێ مارەیی هاوسەرگیری ناکرێت، مارەیی "ڕوکن" نییە، بەڵام یەکێکە لە پێداویستییەکانی تر."

دەشڵێت: "ئەگەر هاتوو مارەیی دانەنرا لە کاتی گرێبەستی کوڕ و کچێکدا، دەبێت دواتر "مهر و مسر"ـی بۆ دابنرێت، مهر ومسر ئەوەیە خوشکەکەی چەندی بۆ دانراوە، ئەگەر خوشکی نەبوو خزمێکی چەندی بۆ دانراوە، دەبێت ئەوەندە بۆ ئەو دابنرێت. گرێ بەستی دیکە دروستە بەبێ مارەیی، بەڵام مارەییەکە مافێکە دەبێت هەر بدرێت." 

عومەر مرۆ، باسی لەوەش کرد "لە ڕووی زمانەوە بەپێی ئایەت مارەیی زیاتر بۆ پارە دەگەڕێتەوە، نەک دانەوێڵە، بەڵام لەڕووی شەرعەوە هەرشتێک سوودی هەبێت بۆ مرۆڤ پێی دەگوترێ ماڵ، دەبێت شتێک بێت ئافرەتەکە سوودی لێ ببینێت."

ئێستە لە هەرێمی کوردستان نرخی زێر بەرزبووەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کوڕان نەتوانن ژن بهێنن. بەپێی داب و نەریت و شەرع، زێڕ وەکو مارەیی دیاری کراوە بۆ ئافرەت و زۆرێک لە کوڕان ناتوانن ئەو بڕەی دیاری کراوە بۆ مارەیی ئافرەت دابینی بکەن، بۆیە داوای گۆڕانی مارەیی دەکرێت.