مونا قەهوەچی: بە تەوتین خەڵکی بەلاڕێدا دەبەن

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی ڕایگەیاند "هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکان تێ پەڕیوە، خەڵکی چاوەڕیی ئەوەیە کابینەی 10یەم دروست بکرێت، نەک بە بابەتی لاوەکی وەکو تەوتین، بەلاڕێدا ببرێت و دروست بوونی حکوومەت پشتگوێ بخرێت."

شەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2024، مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کوردستان ئێستە خاوەنی بڕیاری یاسادانانە چاومان لەوەیە گفتوگۆکان بەزووترین کات دەست پێ بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکانی بکات، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز پێک بهێنرێت."

قەهوەچی دەڵێت: "خاوەنی زۆر ترین کورسی دەستپێشخەری دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆکان دەست پێ بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکوومەت، ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان چاوەڕێ دەکەین مەسرور بارزانی، ڕاسپێردرێ بۆ ئەوەی دەست بە هەنگاوەکانی کابینەی 10یەم بکات و چاومان لەوەیە بە کارایی بەشداریی بڕیارە سیاسییەکان بکەین، لە پۆستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

دەشڵێت: "ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان، کلدان سریان، ئاشوور، ئەرمەنیش زۆر نیگەران بووین لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان لە سەر بازنەکان، چونکە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکەمان نەبوو، ئێمە مافەکانمان دەستەبەر کردبووە بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان کە تێپەڕێنراوە."

قەهوەچی، ئاماژە بەوەش دەکات کە "جێگەی نیگەرانییە یەک کورسیمان بەدەست هێناوە لە پارێزگای هەولێر، لە کاتێکدا پێکهاتەی دووەم تورکمانە و زۆرینەی دانیشتوانی تورکمان لە پارێزگای هەولێرە."

باسی لەوەش کرد "ئێستە یەک کورسی گەڕاوەتەوە بۆ پێکهاتەی تورکمان لە هەولێر و یەک کورسیش لە پارێزگای سلێمانی، هیواخوازین لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەهەوڵی هەموو لایەک یاسای پێکهاتەکان هەمووار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کورسییانەی بە نادادپەروەری لێمان زەوت کرا و نەمانتوانی بیگەڕێنینەوە، بیگەڕێننەوە بۆ نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان."

قەهوەچی دەشڵێت: "هەر لایەنێکی سیاسی خاوەنی ئایدۆلۆجیایی جیاوازە، هەندێک لایەن هەبوون لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەستەواژەی نەشیاو توندوتیژ و کۆمێنی ناشرین و نەشیاوی بەرامبەر بە پێکهاتەکان بەکار دەهێنا، بەڵام هەندێک کەسیش هەبوو دەیگوت مافی خۆیانە کە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، بەبێ نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان نابێت هەڵبژاردن بکرێت، واتە دوو بەرە هەبوو بەرەیەک پشتگیریی دەکردین، بەرەیەکیش دژایەتیی دەکردین."

مونا نەبی قەهوە چی ڕاشیگەیاند، "هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکان تێ پەڕیوە خەڵکی چاوەڕیی ئەوەیە کابینەی 10یەم دروست بکرێت، نەک بە بابەتی لاوەکی وەکو تەوتین، بەلاڕێدا ببرێت و دروست بوونی حکوومەت پشتگوێ بخرێت، دەیانەوێت دەنگ و مافی خەڵکی و بابەتە گرنگ و سەرەکییەکان فەرامۆش بکرێن."