بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە ڕامەگرن کە ئاوی لێ کۆ دەبێتەوە
بەرگریی شارستانیی هەولێر هاووڵاتییانی شاری هەولێر ئاگەدار دەکاتەوە، ئۆتۆمبێڵ لەو شوێنانە ڕانەگرن کە مەترسیی کۆبوونەوەی ئاوی لێ دەکرێت.
شەممە 2تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرايەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر هۆشدارییەکی بڵاوکردەوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات پەبانەدی ڕێنماییەکان بن بۆ ئەوەی لە زیانەکانی لافاو بەدوور بن.
بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: سەڕای ئەوەی ئێمە وەك بەڕێوەبەرايەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر هەموو ساڵێك هۆشياری و ڕێنمايی بڵاو دەکەينەوە لەکاتی هاتنی شەپۆلی باران بارين کەس ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە ڕانەگرێت کەوا گردبوونەوەی ئاو ياخود لافاو دەيگرێتەوە ،بەڵام هاووڵاتيان پابەند نابن، بۆيە دووبارە داوادەکەين لەو شوێنانە ئۆتۆمبێل ڕانەگرن کەمەترسیيە بۆ سەر ژيانی خۆيان و ئۆتۆمبێلەکانيان دروست دەکات تاکو ئەم شەپۆلی باران بارينە تەواو دەبێت.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "کەشی ئەمڕۆ شەممە، 02-11-2024، " ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران و بارانی مام ناوەندی لە کات و شوێنی جیا جیا. هەندێک جار هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت."
کەشی سبەینێ یەکشەممەش، 03-11-2024، وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانی بەخۆڕ لە کاتەکانی بەیانیدا لە ناوچەکانی هەولێر و کەرکووک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین. لە دوای نیوەڕۆ و کاتەکانی شەودا باران بە ڕێژەیەکی کەمتر بەردەوام دەبێت."