کوردستان24 دیمەنی ساتی ڕزگاربوونی پارێزەرێک لە بەغدا لە هەوڵێکی کوشتن بڵاو دەکاتەوە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان پارێزەرەکە بەرگریکاری دۆسییەکی باری کەسی بووە، لایەنی بەرانبەری هەڵدەکوتێتە سەر نووسینگەکەی و دەستڕێژی گولـلە لێ دەکات، دەستەی زانایانی موسڵمانیش دەڵێت: هۆکاری زیادبوونی دیاردەی چەکداری نەمانی رۆڵی حکوومەتە وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا و بڵاوبوونەوەی کولتووری گرووپ و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانە.
پارێزەرێک لە بەغدا تەنیا لەبەر ئەوەی بەرگریکاری یەکێک لە دۆسییەکانی باری کەسییە، هەڵدەکوترێتە سەر نووسینگەکەی و دەستڕێژی گولـلەی لێ دەکرێت.
لە عێراق تا دێت ژمارەی گرووپ و میلیشیاکان زیاتر دەبێت و ڕێژەی توندوتیژیش بەرزتر دەبێتەوە، چونکە وەک دەستەی زانایانی موسوڵمان لە عێراق ئاماژەی پێ دەکات هۆکاری سەرەکی دیاردەکە نەمانی ڕۆڵی حکوومەتە وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا و کاریگەربوونی هەژموونی گرووپ و میلیشیاکانە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان و منداڵان لە توندوتیژی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات: لە حەوت مانگدا زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمار کراون.
ئاماژەی بەوە دا، هۆکارەکانیش دەگەڕێندرێنەوە بۆ ؛کەمتەرخەمی پەرلەمانی عێراق لە دەرکردنی یاسایەکی توندوتیژی کە وەڵامدەرەوەی خواستی دۆخەکە بێت، هەروەها بڵاوبوونەوەی کولتووری میلیشیاکان و نەمانی ڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا کە حکوومەتە.
ناوبراو زیاتر گوتی: بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بارزگانی پێکردنی لەلایەن میلیشیاکان و بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری بەهۆی گەندەڵی ئیداری و دارایی و دەستێوەردانی دەرەکی لە ئابووری عێراق هۆکاری دیکەن کە کاریگەری لەسەر زیادبوونی توندوتیژی هەیە.
لە چوار ساڵی ڕابروودا بە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی و بێکاری و هۆکارەکانی دیکە، زیاتر لە 357 هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆمار کراون.