سبەینێ لە ناوەندەکانی خوێندن لە سەیدسادق و شارباژێر و شارەزوور پشووە

سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سەیدسادق، شارباژێر و شارەزوور پشووە.

بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، کە سبەینێ لە هەرێمی کوردستان بارانی بە خووڕ دەبارێت، هەروەها لەپێناو سەلامەتی گیانی قوتابییان، بڕیاردرا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سەیدسادق، شارباژێر و شارەزوور بکرێتە پشوو.

ئەمڕۆ شەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2024، عامر جابرى، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسیی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەردەوام هۆشداریی و ئاگاداریی پشێوەختە بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەکان و ناوچەکان بە گشتی ئامادەکاریی بکەن و ڕێکارەکان بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە دروستبوونی لافاو.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسیی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، بارانی بە لێزمە لە ڕۆژەکانی یەکشەممە و دووشەممە لە هەرێمی کوردستان دەبارێت و ناوچەکانی هەرێم بە گشتی دەگرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بڵاوی کردەوە:  سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانی بەخۆڕ لە کاتەکانی بەیانیدا لە ناوچەکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین. هەروەها لە دوای نیوەڕۆ و کاتەکانی شەودا باران بە ڕێژەیەکی کەمتر دەبارێت.