ئەسیۆشێیتد پرێس: دوور نییە ئیسرائیل گورزێکی توند لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بوەشێنێت

بەرپرسێکی سوپای ئەمەریکا هۆشداریی لە زیادبوونی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل دەدات و بەدووری نازانێت ئیسرائیل وەڵامێکی توند و ڕاستەوخۆی ئەو گرووپانە بداتەوە.

ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێس بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یەکێک لە سەرچاوەکان ئاشکرا بکات، لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکی و بەرپرسێکی دیکەی ئەمنی ناوچەکە بڵاوی کردووەتەوە "لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە هێرشی مووشەکی و درۆنی گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران و خۆیان بە بەری مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە، بۆ سەر ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بەڵام بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکان بەرپەرچ دەدرێنەوە."

هەردوو سەرچاوەکە ئاماژەیان داوە "لەم دوایانەدا، ڕۆژانە پێنج هێرش لە ناوخۆی عێراقەوە لە لایەن گرووپە میلیشیاکانەوە دەکرێتە سەر خاکی ئیسرائیل، لە هەفتەی ڕابردووشدا تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی ئیسرائیل کراون، هەربۆیە بەدووری نازانن ئیسرائیل بێدەنگیی بەرانبەر بە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بشکێنێت و ڕاستەوخۆ گورزێکی سەربازیان لێ بوەشێنێت."

پێشتریش ئاژانسی ڕۆیته‌رز، له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراق بڵاوی کردبووەوە "محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ڕاگرتنی هێرشیی گرووپه‌ میلیشیاکانی كه‌ ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ "به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌" بۆ سه‌ر ئیسرائیل، سەرکەوتوو نەبووە و نه‌یتوانیوه‌ ڕازیان بکات کە چیتر هێرش نه‌كه‌ سه‌ر ئیسرائیل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، بۆ ئەوەی عێراق لە شەڕێکی نەخوازراو بەدوور بگرێت."

هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆیتەرز کردووە "به‌رپرسانی عێراقی له‌ دوو مانگی ڕابردوودا، دوو جار سه‌ردانی تارانیان كردووه‌ بۆ ئەوەی جڵەوگری گرووپە میلیشیاکان بکات و هێرشەکانی سەر ئیسرائیل ڕاگرن، به‌ڵام لە ڕازی کردنی ئێران شكستیان هێناوه‌."