ئەمرۆ دوا وادەی وەرگرتنی تانەکانی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنە
بەرپرسی لیژنەی سکاڵا و تانە لە دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەینێت "ئەمرۆ تا کاتژمێر3ـی ئێوارە تانەی لایەنە سیاسیەکان وەردەگیرێن و تا ئێستاش دوو تانە لە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن دراوە."
عەلی قادر بەرپرسی لیژنەی سکاڵا و تانە لە دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ لە دوای کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆوە تانەی لایەنە سیاسیەکان وەرناگیرێن."
لە بارەی ژماری تانەکان گوتی: "دوو تانە لای ئێمە تۆمار کراوە ھۆکاری کەمی تانەکانیش بۆ ئەوە بووە کە پێشتر کۆمیسیۆن سەرجەم کارتەکانی دەنگدانی سەرجەم بنکەکان و وێستگەکانی داوەتەوە لایەنە سیاسیەکان ئەمەش وایکردوە لایەنەکان بەرچاوڕوونیان لە بارەی پرۆسەکە بۆ زیاتر بێت بۆیە کەمترین تانە لە ئەنجامی کۆتایی دەنگدان دراوە."
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.