یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین بە هۆی گەندەڵی دەستی لەکار کێشایەوە

لەناو مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆی ڕاپەرین، ناڕەزایەتیەکی زۆر سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ناوی 395 مامۆستای وانەبێژ هەیە، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان داوە. 

مامۆستا و قوتابیە ناڕازییەکان بە کوردستان 24 یان ڕاگەیاند "سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری بەش و کۆلێژەکان ناوی ئەو کەسانەیان بەرزکردۆتەوە کە خێزان و خوشک و برا و کەسوکاری خۆیان بوون، بەشێکیان هیچ کات وانەبێژ نەبوونە، هەروەها بەشێکی دیکە نە وانەبێژ بوونە و نە فەرمانبەر." 

هەر لەچوارچێوەی ئەو پرسە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـ10-2024، د. پێشەوا حەمید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بەهۆی ئەو گەندەڵیەوە دەستی لەکارکێشایەوە. ناوبراو، دەست لەکارکێشانەوەکەی بەچەند خاڵێک لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: "ماوەی 12 ساڵە وەک سەرۆک بەش، ڕاگری کۆلێژ، یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ، لە ئیدارەی زانکۆ ئەرک و بەرپرسیارێتم هەیە و هاوکاریی دەیان و سەدان گەنجی دەڤەرەکەمان بووین بۆ بوون بەوانەبێژ و دواجار دامەزراندیان."

ئاماژەی بەوەش داوە "لەماوەی کارکردنمدا لە ئەرک و بەرپرسیارێتی زانکۆ دەمتوانی وەک هەموو هاووڵاتیەکانی دیکە کە فەرمانی وانەبێژی بۆ براو ئامۆزاو کەسوکارم دەربکەم کە یاسایی و ئاسایی بوو، بەڵام نەمکرد و نایکەم. هەروەها لەماوەی کارکردنم نە لە ئەنجوومەنی پێشوو نەئێستاش هەرگیز داوای دامەزراندنی کەسوکاری خۆمم نەکردوە و نایکەم."

پێشەوا حەمید باسی لەوەش کردوە "بۆ کەیسی ئەمجارە، تەلەفۆنم بۆکراو گوتیان وەعدیان پێداوین هەندێک گرێبەستمان بۆبکەن ناوی سیانی برایەکەت و شهادەکەمان بۆ بنێرە، منیش وەک هەر هاووڵاتیەکی ئاسایی دیکە بۆم ناردن چونکە ئەو مافەی هەیە و 14 ساڵە دەرچووی زانکۆیە، بەڵام دوای ئەوەی لیستی ناوەکان گەڕایەوە ئینجا بۆم دەرکەوت کە لەچوارچێوەی وانەبێژی کراوە."

گوتیشی: "بەهیچ شێوەیەک و دوور و نزیک ئاگاداری باش و خراپی بابەتی ئەم دامەزراندنە نیم. بۆ ڕێزگرتن لە ناوبانگی بنەماڵەکەم، دەست لەکارکێشانەوەم لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ ڕادەگەیەنم و تەنها وەک وانەبێژ لەم زانکۆیە بەردەوام دەبم."

لینکی بەیاننامەکەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین